شاندێکی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان سەردانی ئێرانی کرد + وێنە
/
اقتصادی
/
زایەڵە
پەروێزخان
ئێران
شاندێکی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان سەردانی ئێرانی کرد .
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، شاندێکی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، کە پێکهاتبوو لە سەرپەرشتیاری دەروازە، لێپرسراوی هۆبەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان، بەرپرسی نوسینگەی گواستنەوەی پەروێزخان، نوێنەری پۆلیسی پاسەوانی سنورو نوێنەری گشتی شۆفێرانی پەڕوێزخان، سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان ئێران یان کرد و کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا.
شاندی دەروازە لەلایەن هەریەک لە ئاغای موتەلبی، بەڕێوەبەری گومرگی پەروێزخان، ئێران و ئاغای عزیزی، بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان ئێران و بەرپرسانی تری دەروازەی پەروێزخان ئێران پێشوازییان لێکرا.
لە کۆبونەوەکەدا، عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان بەوەکالەت و شاندی دەروازە، کێشەو گرفتەکانی دەروازەکەیان گەیاندە بەرپرسانی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان/ئێران.
لە کۆبونەوەکەدا سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد، کارئاسانی بۆ بازرگانان و شۆفێرانی هەرێمی کوردستان بکەن، لەپێناو برەودان بە جموجۆڵی بازرگانی و زیادکردنی داهاتی دەروازەکە بۆ هەردوولا.
داواشیکرد، ئەو کێشەو گرفتانەی کە ڕوبەڕووی شۆفێرانی کورد دەبنەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران چارەسەری پێویست و خێرایان بۆ بکات، هەروەک ڕێز لە شۆفێرانی کورد بگیرێت.
لەبارەی هاتوچۆی گەشتیاریشەوە، عەباس ئیسماعیل، داوایکرد گەشتکردنی بە مەرج هەڵبوەشێنرێتەوە، هاوشێوەی هاوڵاتیان و گەشتیارانی ئێرانی، هاتوچۆکردنی بۆ ئەو وڵاتە بۆ هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش ئاسایی بکرێتەوە.
لای خۆیەوە ئاغای عزیزی، بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان ئێران، ئاماژەی بەوەکرد، دوای گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرپرسانی گومرگ و دەروازە، ماوەی مانگێکە جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی پەروێزخان گۆڕانکاری بەرچاوی بەسەردا هاتووە.
بەرپرسانی گومرگ و دەروازەی پەروێزخان/ئێران بەڵێنیاندا، کاری پێویست بکەن بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشانەی کە شاندی دەروازە هەرێمی کوردستان خستیانەڕوو.
داواشیانکرد، کارێک بکرێت کە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان هاوشێوەی ڕابردوو ببێتەوە بە دەروازەیەکی پڕ لەجموجۆڵی بازرگانی.
دوای کۆبونەوەکەش بەرپرسانی هەردوولا گۆڕەپانی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان/ئێران یان بەسەر کردەوە، گوێیان لە کێشەو گرفت و داواکاری شۆفێران و کاسبکاران گرت.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: