ئابوریناسێک بۆ زایەڵە: یەکێتی بەپێی ئاستی دەسەڵاتی لە حوکمدارێتی هەرێمی کورستاندا کار لەسەر دابەشکردنەوەی داهاتی میللی دەکات

(0) / / گفتگو / یەکێتی زایەڵە هەرێمی کورستان سۆسیال دیموکراسی


Dec 31, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئابوریناسێک ڕایگەیاند: یەکێتی، هەژاری بە دیاردەیەکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی تەماشا دەکات و بەپێی ئاستی دەسەڵاتی خۆی لە حوکمدارێتی هەرێمی کورستاندا کار لەسەر دابەشکردنەوەی داهاتی میللی دەکات بە شێوازێکی عادیلانە لە پێناوی کەمکردنەوەی دەلاقە فروانەکەی نێوان چینە هەژار و سەروەت مەندەکان.
بێستون سابوراوایی  ئابوریناس لە وتووێژی  لەگەڵ  پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند،  لە مێژووی دێرینی بیرکردنەوەی  دەسەڵاتدارێتی مرۆڤایەتیدا هەژاری  وەکو دیاردەیەکی سرووشتی و خواکرد وێنا کراوە بە مەبەستی ئەوەی ناعەدالەتی  و چەوسانەوەی چینایەتی لە مانا سیاسی و حوکمدارێتیەکەی دابماڵرێت و بەرگێکی ئایینی و خوداپەسەندی بکرێت بە بەردا و ئیتر هەژاران بە حاڵی خراپی خۆیان ڕازی بن و بیر لە دژایەتیکردنی دەسەڵاتداران و باشترکردنی ژیانی خۆیان نەکەنەوە.
وتیشی، لە بیرکردنەوەی ئابوریانەی سۆسیال دیموکراسیدا کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان  کاری لەسەر دەکات  هەژاری   دیاردەیەکی سروشتی نیە، بەڵکو دیاردەیەکی چینایەتی و سیاسی وکۆمەڵایەتیە سەرچاوەکەشی نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتیە. عەدالەتی کۆمەڵایەتیش بریتیە لە دابەشکردنی داهات بە شێوازێکی عادیلانە بەسەر ئەندامانی چین و توێژەکانی میللەتدا هەرکەس بەپێی بەشداریکردنی خۆی لە گەشەپێدانی ئابوری وڵاتدا واتە بەپێی ئاست و ڕادەی پێشکەشکردنی توانا و شارەزایی و لێهاتوویی کەسەکان  .
ڕونیشیکردەوە،  هەژاری لە ئەنجامی دەستگرتنی چین و توێژەدەسەڵاتدارەکان بەسەر داهاتی خەڵکی تردا  دروست دەبێت لەڕێگەی  بەکارهێنانی دەسەڵات و هەبوونی دەستمایەی داراییدا . ئەوەش مانای وایە  ئەو سەروەت و سامانە زیادەی لای کەسانی تر کۆدەبێتەوە لە پرۆسەی وەبەرهێنان یان حوکڕانی لە کەرتی گشتی و تایبەتدا لە بنەڕەتدا بەشی خەڵکانی تریشی پێوەیە و بە ناهەق نادرێت پێیان و لێیان زەوت دەکرێت، ئەوەش دیاردەی هەژاری دروست دەکات.
باسی لەوەشکرد، یەکێتی هەژاری بە دیاردەیەکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی تەماشا دەکات و بەپێی ئاستی دەسەڵاتی خۆی لە حومدارێتی هەرێمی کورستاندا کار لەسەر دابەشکردنەوەی داهاتی میللی دەکات بە شێوازێکی عادیلانە لە پێناوی کەمکردنەوەی دەلاقە فروانەکەی نێوان چینە هەژار و سەروەت مەندەکان.
سازدانی - کامەران کەریم