پرۆفسیۆرێکی یاریدەدەر بۆ زایەڵە: ڕەوشی ڕۆژنامەنوسی کوردی لەئێستادا ئەرک و ئامانجەکانی گۆڕاوە
/
گفتگو
/
پاڤێ جەمیل
زایەڵە
ڕۆژنامەنوسی کوردی
پرۆفسیۆرێکی یاریدەدەر پێی وایە لەئێستادا ڕەوشی ڕۆژنامەنووسی کوردی ئەرک و ئامانجەکانی گۆڕاوە لەکاتێکدا لەڕابردوودا ئەرکی ڕۆشنبیری و هۆشیار کردنەوەی خەڵک بوو .
دوکتۆرە پاڤێ جەمیل ئەحمەد پرۆفسیۆری یاریدەدەر لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، ئازادی رۆژنامەگەری یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی کاری میدیایی، لەبەرەوپێشبردنی رەوشی رۆژنامەنووسی، لەگەڵ ئەوەشدا ئازادی ڕەها لە هیچ بوارێکدا بوونی نیە چ جای کارێکی زەحمەتی پڕ بەربەستی وەک کاری میدیایی، زۆر جار بەربەستەکان واقعين و پەیوەندی بە بەرژەوەندی گشتی و ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە کە ناکرێت ئازادی تەواو بەدەست بێت هەر لە دەستکەوتنی زانیاری بۆ رۆژنامەنووسان و هەم لە گەیاندنی پەیامە میدیاییەکان .
وتیشی، گرنگترین بەربەست لە ئێستادا لایەنی ئابووری و سیاسی یە کە دەزگا میدیاییەکان بەڕێوە دەبەن و زۆرجار ئاراستەشیان دەکەن، بەپێی بەرژەوەندی ئەو لایەنەی کە سپۆنسەری دەزگا میدیاییەکان دەکەن.
ڕەوشی رۆژنامەنووسی کوردی لە ئێستادا ئەرک و ئامانجەکانی گۆڕاوە لە کاتێکدا لە رابردوودا ئامانجی رۆشنبیری و هۆشیارکردنەوەی خەڵکی کوردستان بوو بەهێزکردنی هەستی نەتەوایەتی و ئازادی بوو بۆ خەڵکی کوردستان و رزگار بوون بوو لەهەر نادادپەروەری یەک و دواکەوتنی کۆمەڵایەتی و ناهەمواری باری سیاسی.... بوو.
لە کاتێکدا ئامڕازەکانی ڕاگەیاندن بە بینراو و بیستراو و خوێندراو چەند دانەیەکی کەم بوون، بەڵام لەم سەردەمەدا بەهۆی زۆری ئامڕازەکانی ڕاگەیاندن و گەشە سەندنی تەکنەلۆژیا و بڵاوبوونەوەی سۆشیال میدیا ئەم بوارە زۆر بووە بەجۆرێک لە ڕووی ئامانجەوە پاشەکشەی کردووە کەلە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانی و نەتەوەییەکان گۆڕدراوە بۆ بەرژەوەندی لایەنی سپۆنسەر و کارکردن بۆ بەرژەوەندی سیاسەتی ئامرازە میدیایەکە کە زۆربەی جار بابەتی ناڕاست و دوورن لە ئێتیکی کاری میدیایی و کار بە پرنسیپی میدیای پرۆفیشناڵ ناکەن.
باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا میدیای کوردی پێویستی زۆری بە یەک گوتاری نیشتمانی هەیە کە خۆی ببینێتەوە لە یەکڕیزی خەلکی کوردستان و پڕبێت لە هۆشیار کردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگابەجۆرێک لەم سەردەمی جیهانگیری و مۆدێرنەدا بتوانن بگونجێت و پێشبکەوێت، نەک کارکردن لەسەر سایکۆلۆژیای وەرگر بەجۆرێک هیچ بەها و رەمزێکی بۆ نەهێڵرێتەوە کە لە دەرئەنجامدا تاک خۆی وون دەکات،کەلەئێستادا ڕۆژانە دەرئەنجامە خراپەکانی بە کۆمەڵگە و تاکەکانمانەوە دەبینین و دەبیستین، بۆیە پێویستە میدیا بە هەستێکی لێپرسراوانەو حسابکردن بۆ بەرژەوەندی گشتی و جەماوەر بابەتەکانی هەڵبژێرێت و کاری لەسەربکات.
سازدانی - کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: