عەدنانی حەمەی مینا: شەهیدبوونی سەردار سولەیمانی بۆ کورد و عێراق کۆسپێکی گەورە بوو

(0) / / کردستان / زایەڵە حاجی قاسم سولەیمانی عەدنانی حەمەی مینا


Jan 06, 2022

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە "لە دەستچوونی فەرماندەیەکی مەیدانی و ئازای وەک حاجی قاسم سولەیمانی تەنیا دۆستانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی تازیەبار نەکرد بەڵکوو بۆ کورد و عێراق و پرۆسەی سیاسی وڵاتی ئێمەش لەدەستچوونی کۆسپێکی گەورە و پەژارە و ماتەمینییەکی قووڵ بوو."
بە پێی ڕاپۆرتی زایەڵە، عەدنانی حەمەی مینا لە ڕێوڕەسمی تایبەت بە دووەم ساڵۆگەڕی شەهیدبوونی حاجی قاسم سولەیمانی، ئەبومەهدی موهەندیس و هاوڕێکانیان کە لە شاری سلێمانی ڕێکخرا بوو، وتی: لە دووەم ساڵیادی لە دەستدانی دۆستی گەلی عێراق و گەلی کورد و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دۆستی نزیکی جەنابی مام جەلال، شەهیدی فەرماندە حاجی قاسم سولەیمانی، جارێکی دیکە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو شەهیدە، فەرماندە و بەرپرسانی سوپای قودس و کۆماری ئیسلامی ئێران و کاربەدەستانی باڵای دەکەین.
ناوبراو وتی: دووبارەی دەکەینەوە کە لە دەستچوونی فەرماندەیەکی مەیدانی و ئازای وەک حاجی قاسم سولەیمانی تەنیا دۆستانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی تازیەبار نەکرد بەڵکوو بۆ کورد و عێراق و پرۆسەی سیاسی وڵاتی ئێمەش لەدەستچوونی کۆسپێکی گەورە و پەژارە و ماتەمینییەکی قووڵ بوو.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتی: پەیوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە تایبەتی و گەلی کوردی عێراق بە گشتی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندییەکی هاوچارەنووسی بووە، لە سەر بنەمای خەبات و هاوسەنگەری لە دژی سەدامی خوێنڕێژ کە بۆ ماوەی هەشت ساڵ شەڕێکی ناڕەوا و داسەپاوی لە دژی گەلانی ئێران و عێراق و بە تایبەت گەلی کورد سەپاند، سەرەڕای ئەمەش ئەم هاوخەباتییە لە دژی تیرۆریستان و بە تایبەت گرووپی تیرۆریستی داعش بینرا و لەوەشدا هاوکاری و چاکەی دۆستانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بیر ناکەین.
عەدنانی حەمەی مینا وتی: بەردەوام ئەو وێنە باشانەی هاوکاریی کۆماری ئیسلامی ئێرانمان لە بەرچاوە کە لە قۆناغە سەختەکاندا پێشکەشی خەڵکی کوردستانی کردووە. بە تایبەت لە کارەساتی هەڵەبجە کە دەورێکی جوانمێرانەیان بینی لە ڕزگارکردنی گیانی هەزاران کەس، دواهەمین چاکەی ئێرانیش لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش بوو کە نەک هەر بە چەک و پێداویستییە سەربازییەکان بەڵکوو بە خەڵکانی شارەزا و سەربازیش هاوکاری لۆجستی و ڕاوێژکاریی هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد.
ناوبراو وتی: ڕۆڵی شەهید سولەیمانی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و لە ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریستانی داعش بەرچاو بووە و لەبیر ناکرێت کە سەنگەر بە سەنگەر پاڵپشتی ئێمەی دەکرد و لە ئاکامدا کۆتاییان بەو گرووپە تیرۆریستییە هێنا و ئارامی و سەقامگیرییان بۆمان گەڕاندەوە.
وتیشی کە لەم بۆنە خەمناکەدا وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان سوربوونی خۆمان بۆ درێژەدان بەو پەیوەندییە مێژووییە دووپات دەکەینەوە، ئەو پەیوەندییەی کە لە شۆڕشی ئیسلامی بە ڕێبەرایەتی ئیمام خومەینی (رە) و بە لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بە ڕێبەرایەتی مام جەلال درووست بووە./.