سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی بواری ئەنفال کۆبوەوە
/
کردستان
/
زایەڵە
گەرمیان
ئەنفال
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفال کراوان، پێشوازیکرد لەنوێنەری ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە کەیسی ئەنفال.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاند، لە کۆبونەوەی لەگەڵ نوێنەری رێکخراوەکان، جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان تیشکی خستەسەر رۆڵ و گرنگی رێکخراوەکانی بواری ئەنفال و جینۆساید بۆ گەیاندنی داواکاریەکانی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان و بەشداری و رۆڵی کاریگەریان لە مەراسیمەکانی تایبەت بە یادکردنەوەی ئەنفال.
دواتر نوێنەری رێکخراوەکان باسیان لە کاری رێکخراوەیی خۆیان کرد و جەختیان لە هەماهەنگی و گرنگی پەیوەندی نێوان ئیدارەی گەرمیان و رێکخراوەکان کردەوە.
هاوکات لە کۆبوەنەوەکەدا، پرسی یادی ئەنفال لە ٤/١٤ دا خرایەبەر باس و گفتوگۆ، لەو رووەوە جەخت کرایەوە لە شایستەیی هەر مەراسیم و رێورەسمێک بۆ ئەو مەبەستە رێکبخرێت بە لەبەرچاوگرتنی رێنماییە تەندروستی و خۆپارێزیەکانی حکومەتی هەرێم.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ووتیشی، ئەم پرسە بۆ ئێمە لە ئیدارەی گەرمیان، پرسێکی نەتەوەیی و ئەخلاقی و ویژدانیە کە ئەرک و بەرپرسیارێتیمانە پرسی تاوانی ئەنفال و جینۆسایدەکانی دیکەی دەرهەق بە گەلی کورد لەیاد و زاکیرەی نەوەکانمان بەزیندویی بهێڵینەوە.
لای خۆیانەوە، نوێنەری رێکخراوەکانی ئەنفال سوپاسی ئیدارەی گەرمیانیان کرد کە هەمیشە هاوکار و هەماهەنگ بووە بۆ کارکردن لەسەر داواکارییەکانی واریس و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و گەیاندنی بە لایەنی پەیوەندیدار.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: