وردەکاریی دیداری نێچیرڤان بارزانی و باڵيۆزى به‌ريتانيا

(0) / / کردستان / زایەڵە نێچیرڤان بارزانی بەریتانیا


Jan 16, 2022

قەبارەی فۆنت:

باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عێراق پابه‌نديى وڵاته‌كه‌ى به‌ به‌رده‌واميى كاركردن له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ (16ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2022) پێشوازى له‌ مارك برايسۆن ريچاردسۆن، باڵيۆزى به‌ر‌يتانيا له‌ عێراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد.
له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسى، پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكايه‌تيى په‌رله‌مانى عێراق، گفتوگۆى لايه‌نه‌كان بۆ هه‌نگاوه‌كانى داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى و هه‌ڵبژاردنى سه‌ركۆمار و پێكهێنانى حكومه‌ت، په‌يوه‌نديه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان تاووتوێ كران.
نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ گرنگى و پێويستيى سه‌قامگيريى سياسى له‌ عێراق و هه‌بوونى متمانه‌ و تێگه‌يشتنى هاوبه‌شیی لايه‌ن و پێكهاته‌كان بۆ به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى سياسى و ئێستا و داهاتوويه‌كى باشتر بۆ وڵات كرده‌وه‌.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى يه‌كهه‌ڵوێستى و يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا و هيوايان خواست گفتوگۆ و هه‌وڵى هێزه‌ سياسييه‌كان و لێكگه‌يشتنى هاوبه‌ش و سه‌قامگيريى سياسى له‌گه‌ڵ خۆيدا بهێنێت، باسيان له‌وه‌ش كرد، كه‌ دۆستانى عێراق به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ گفتوگۆى لايه‌نه عێراقييه‌كان ده‌ڕوانن.
باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عێراق پابه‌نديى وڵاته‌كه‌ى به‌ به‌رده‌واميى كاركردن له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و سوپاسى رۆڵى نێچيرڤان بارزانى له‌ پرۆسه‌ى چاكسازيى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا كرد و به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ رێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ ده‌ربڕى.
پێشهاته‌ ئه‌منييه‌كانى ئه‌م دواييه‌ و به‌ئامانجگرتنى باره‌گاى نێرده‌ ديپلۆماسييه‌كان و باره‌گاى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان له‌ به‌غدا، دۆخى په‌تاى كۆرۆنا، پرسى كۆچ و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، كه‌ تێيدا به‌ڕێزان و كونسولى گشتى و راوێژكارى به‌رگرى له‌ كونسولخانه‌ى گشتيى به‌ريتانيا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ بوون.