فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی بەختیار سەجادی چاپ و بڵاوکرایەوە

(0) / / فرهنگی / زایەڵە بەختیار سەجادی کتێب فەرهەنگی زاراوەیی


Jan 20, 2022

قەبارەی فۆنت:

"فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی" لە نووسینی "بەختیار سەجادی" لە دووتوێی ٦٠٠ لاپەڕەدا لە لایەن ماڵی وەفایی لە هەولێر بڵاو کراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، نووسەر دوو پێشەکیی دوورودرێژی بۆ کتێبەکە نووسیوە. پێشەکیی یەکەم سەبارەت بە مێژوو و ڕەوتی زاراوەسازی و وشەڕۆنان لە دوو زاری کوردیی ناوەندی و سەروودا پێشکەش‌کراوە.
سەجادی نووسیویەتی: “یه‌کێک له‌ گرفته‌ سه‌ره‌کییه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و وه‌رگێڕانی دەقی سەر بە لقە جیاجیا زانستییەکان بۆ توێژەر و وەرگێڕی کوردی‌نووس بریتییه‌ له‌ چۆنیه‌تیی به‌کارهێنان و وه‌رگێڕانی زاراوه‌ و چه‌مکه‌ زانستی و تیۆریکەکان.” هەروەهاش ئاماژەی بەوە کردووە کە “زاراوەسازی، وشەڕۆنان و هاوواتادانان بۆ چەمکە زانستی و تیۆریکەکان، پێوەندیی ڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ بابەتی پەرەسەندنی زماندا.” سەجادی پێی وایە وشەڕۆنان بە گشتی و زاراوه‌سازیی ئه‌ده‌بی، ڕه‌خنه‌یی، تیۆریک و زانستی بە تایبەتی، له‌م ساته‌وه‌خته‌ی گوتاری ڕه‌خنه‌یی ئه‌ده‌بی کوردیدا بە هەر دوو بەشی ئەکادێمیک و دەرەوەی ئەکادێمیاوە و هەروەهاش بە سەرنجدان بە ئاست و چۆنایەتیی بەکارهێنانی ڕۆژانەی هەندێ دەستەواژە و وشەی گشتی لە لایەن خەڵکی ئاساییەوە و لە ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا به پێویستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر ئه‌ژمێردرێ.”
نووسەر لە پێشەکیی دووەمی کتێبەکەدا پەنجا خاڵی سەبارەت بە گیروگرفتەکانی زاراوەسازی لە زمانی کوردیدا و کۆمەڵێ ڕێکار و پێشنیازی ئاراستە کردووە. مەبەستی سەرەکیی سەجادی لە دانانی ئەم فەرهەنەگە وەک خۆی ئاماژەی بۆ کردووە بریتییە “له‌ هه‌وڵدان‌ بۆ دانان و گشتگیرکردنه‌وه‌ و مسۆگه‌رکردنی شێوازی زانستی له‌ زمانی کوردیدا به‌ شێوه‌یه‌کی پاراو و یه‌کگرتوو.” نووسەر قامکی لەسەر ئەو خاڵەش داناوە کە “تایبەتمەندیی سەرجەم زار و بنزار و شێوەزارەکانی زمانی کوردی یارمەتیدەری بوونە لەم پێناوەدا.” سەجادی پێی وایە “پێویستە کەڵک لە قامووسی بەرفراوانی وشەی سەرجەم شێوەزارەکان وەربگرین و لە وشەبژێریدا ڕەچاویان بکەین. پێویستە سەرنجی زیاتر بدەین بەو لایەنانەی پێوەندییان بە توانستی زمانی کوردییەوە هەیە لەم ڕووەوە (وەک ئاوڕدانەوە لە سەرجەم پێشگر و پاشگر و ناوگرەکانی سەرجەم شێوەزارەکانی زمانی کوردی). بایەخدان بە مۆرکە ئاشکرا و شاراوەکانی زمانی کوردی چ لە ڕووی ڕستەسازی، پێکهاتەناسی و بە تایبەت دەستەواژەسازییەوە و چ لە باری وشەناسییەوە ئاماژەن بۆ پۆتانسیەل و توانستەکانی ئەم زمانە لە وشەڕۆنان و زاراوەداناندا.
نووسەر ئەو نووسین و سمینارانەی لەسەر زاراوەسازی و شێوازی زانستیی زمانی کوردی نووسراون ناساندووە. هەروەهاش پێڕستێکی تیروتەسەلی لە سەرچاوەکانی بواری فەرهەنگ‌دانان و زمانی زانستی بە زمانەکانی ئینگلیسی، فەرنسی، فارسی و کوردیی ناوەندی و سەروو داناوە کە بەسەر دوو بەشی فەرهەنگ و لێکۆڵینەوە ڕەخنەییەکاندا پۆلێنبەندیی کردوون.
فەرهەنگەکە نزیکەی ٧٠٠٠ زاراوەی لەخۆ گرتووە و زاراوەکان زیاتر بواری ڕەخنە و تیۆریی ئەدەبی دەگرنەوە، بەڵام زاراوەکانی زانستە مرۆییەکان و بە تایبەت دەڤەری زمانناسی، کۆمەڵناسی، دەروونناسی و دەروونشیکاری تێدایە. هاوواتای فارسی و کوردی بۆ هەموو زاراوەکان دانراون. نووسەر کۆمەڵێ پێشنیازی تازەشی بۆ وەرگێڕانی دروستی زاراوەکان بە فارسی پێشکەش‌کردووە. لە وەرگێڕانی کوردیی زاراوەکاندا هاوواتاکان بە هەر دوو زاری کوردیی ناوەندی و سەروو دانراون. هاوواتای زاراوەکان لە کوردیی ناوەندیدا بە ئەلفوبێی عەرەبی و لە کوردیی سەروودا بە ئەلفوبێی لاتینی دانراون.
سەجادی خاوەنی چەندین نووسینە سەبارەت بە زاراوەسازی و وشەڕۆنان بۆ چەمک و زاراوە ڕەخنەییەکان و کۆمەڵی وەرگێڕانیشی لە ڕواڵەتی کتێب و وتاردا پێشکەشی کتیبخانەی کوردی کردووە. دکتۆر سەجادی پرۆفیسۆری هاوکارە لە ئەدەبی ئینگلیزی و ئەندامی توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانکۆی کوردستانە لە سنە. سەجادی یەکێکە لە دامەزرێنەرانی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان لە سنە و لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٠ سەرۆکی ئەو بەشە بوو.