بایدن کوشتنی جێگرەوەكەی ئەبوبەكر بەغدادی لە سووریا ڕاگەیاند
(0) /
جۆ بایدن، سەرۆك کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا ڕایگەیاند هێزەكانی وڵاتەكەی، لە ئۆپەراسیۆنەكەی ئەمڕۆی باكووری سوریا، ئەبو ئیبراهیم هاشمی ئەلقوڕەیشی-یان كوشتووە، كە دوای كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی، شوێنی گرتبووەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، كۆشكی سپیی ئەمریكا ڕاگەیەندراوێكی جۆ بایدن سەرۆکی ئەو وڵاتەی بڵاوكردەوە کە تیایدا هاتووە:"بە فەرمانی من، هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە باكوری و خۆرئاوای سوریا ئۆپەراسیۆنێكی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریان بە سەركەوتوویی ئەنجام دا، ئەوەش بۆ پاراستنی گەلی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانمان و كردنی جیهان بە شوێنێكی ئارامتر."
ئاشكراشی كردووە:"بەهۆی توانا و ئازایەتیی هێزە چەكدارەكانمان، ئەبو ئیبراهیم هاشمی ئەلقوڕەیشی، سەركردەی داعش لە مەیدانی جەنگ سڕایەوە."
وەك ئەوەی سەرۆكی ئەمریكا باسیكردووە لە ئۆپەراسیۆنەكەدا هیچ سەربازێكی ئەمریكی زیانی بەرنەكەوتووە.
پێشتر وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پێنتاگۆن) بڵاویكردبووەوە، لەلایەن یەكەیەكی تایبەتی هێزەكانی سوپای ئەمریكاوە "ئۆپەراسیۆنێكی سەركەوتوو" لە شارۆچكەی ئەتمە، كە دەكەوێتە شاری ئیدلب و لەسەر سنووری توركیایە، ئەنجامدراوە.
شوێنی ئۆپەراسیۆنەكە باڵەخانەیەك بووە كە دەكەوێتە دووریی نزیكەی 15 میل لە گوندی باریشا-ی سوری كە ئەبوبەكر بەغدادی، سەركردەی پێشووی داعشی لە تشرینی یەكەمی 2019دا لێ كوژرا.
تێبينيێك بنێرە: