چیرۆکی بۆردومانەکەی سەردەشت لە فەرەنسا
/
فرهنگی
/
زایەڵە
فەڕەنسا
سەردەشت
ئەنیمەیشێنی «باکان لەکوێ دەمرن» لە دەرهێنانی پژمان عەلیپووڕ، خەڵاتی باشترین فیلمی مافی مرۆڤی فێستیڤاڵی «هیبرێدی» فیلم و مۆسیقای فەرەنسای بە دەست هێنا.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە بە گێڕانەوە لە بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ناوەندی پەرەپێدانی سینەمای دیکۆمێنتاری و ئەزموونی، ئەنیمەیشێنی « باکان لەکوێ دەمرن» لە دەرهێنانی پژمان عەلیپووڕ و لە بەرهەمەکانی ناوەندی پەرەپێدانی سینەمای دیکۆمێنتاری و ئەزموونی، خەڵاتی باشترین فیلمی مافی مرۆڤی فێستیڤاڵی «هیبریدی» فیلم و مۆسیقایفەرەنسای بە دەست هێنا.
پژمان عەلیپووڕ، دەرهێنەری ئەم ئەنیمەیشێنە سەبارەت بە بابەتی ئەم بەرهەمە وتی: بابەتی سەردەشت هەمیشە بۆ من گرینگ بوو و ساڵەهای ساڵ داڵغەی ئەم گەڵاڵەیەم هەبووە.
هەموو کات ویستوومە سەبارەت بە بۆردومانی سەردەشت و قوربانیەکانی ئەم کارەساتە سێناریۆ بنووسم و سەرئەنجام توانیم بەم ئاواتەم بگەیەم.
عەلیپووڕ هەروەها وتی: سەردەشت یەکەم شارێکە لە دونیادا کە لە ڕێگای گازی خەردڵەوە بۆردومان کراوە.
دەرهێنەری ئەنیمەیشێنی « باکان لەکوێ دەمرن » ڕایگەیاند: لەم دیکۆمێنتارییە ۱۳ خولەکییە لە گێڕانەوەیەکی تێکەڵاو لە دیکۆمێنتار و ئەنیمەیشێن باس لە پێش بوردومان، کاتی بوردومان و پاش بوردومان دەکات. کارەساتێک کە لە ساڵی ۱۳٦٦ی هەتاوی لە شاری سەردەشت ڕووی دا لە بەشە تراژیدیاکانی مێژووی سەردەمی ئێمەیە و قەت لە بیر ناچێتەوە.
عەلیپووڕ لە کۆتایی وتەکانیدا وتی: بۆردومانی هەڵەبجە لە بیر نەچوەتەوە و هەمووساڵێک یادی دەکرێتەوە بەڵام بیرەوەرییەکانی بۆردومانەکەی سەردەشت فەرامۆش کراوە. ئامادە کردنی ئەم بەڵگە فیلمە سێ ساڵی خایاند و خۆشحاڵم کە ئێستە دەرفەت بۆ نمایش کردنی ڕەخساوە.
فێستیڤاڵی «هیبریدی» شوێنێکە بۆ نمایش کردنی فیلم ومۆسیقای جیهان کە لە «کان»ی فەرەنسا بەڕێوە دەچێت و فیلمی دیکۆمێنتاری، ئەنیمەیشێن، چیرۆکی، کورتە فیلم و ...لەم پێشهاتە سینەماییەدا بە شێوازی ساڵانە و مانگانە هەڵدەسەنگێندرێن.
تێبينيێك بنێرە: