ناکۆکی لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق گەیشتە لوتکە

(0) / / عراق / زایەڵە حەلبوسی پارتی زاملی سەدر سونە سیادە


Apr 05, 2022

قەبارەی فۆنت:

سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و جێگرەکەی لە هاوپێمانێتیدان، بەڵام ئەوان بە نوسراوی فەرمی دژی یەکتری وەستاونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سونەکان بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی و ڕەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی مقتەدا سەدر و پارتی دیموکرات بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی هاوپەیمانێتیان ئەنجامداوە و هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگرانی پەرلەمانەوە ئەنجامی ئەو هاوپەیمانییە بوو، بەڵام ناکۆکی لە نێوان حەلبوسی سەرۆک و حاکم زاملی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە ڕەوتی سەدر دروست بووە و بە نوسراو دژی یەکتری قسە دەکەن.

حەلبوسی لە نوسراوێکدا بۆ پەرلەمانتاران دەڵێت، بەکارھێنانی دەستەواژەی "دەستەی سەرۆکایەتی" نادەستورییە و دەبێت لە نوسراوە فەرمییەکاندا لاببرێت و لە بری ئەوە دەستەواژەی "سەرۆک و جێگرەکانی" بەکاربھێنرێت.

سەرۆکی پەرلەمان لە نوسراوەکەیدا باسی لەوە کردووە، کاتێک ڕەخنە لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەگرن پێویستە ناوی ئەو کەسە بهێنن کە ڕەخنەتان لێی هەیە، نەک بەشێوەیەکی گشتی ناوی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بهێندرێت.

لەبەرامبەردا حاکم زاملی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان کە سەربە رەوتی سەدرە، لە نوسراویکدا دژی حەلبوسی وەستاوەتەوە و ڕایدەگەیێنێت کە قسەکانی حەلبوسی راست نین و “دەستەی سەرۆکایەتی” دەستەواژەیەکی دەستورییە.

هەر لەو بارەیەوە مەشعان جبوری، پەرلەمانتاری سونە داوای کردووە سەرۆکی ڕەوتی سەدر لەو بارەیەوە بێتە دەنگ و بابەتەکە یەکلایی بکاتەوە و کۆتایی بەو کێشەیە بهێنێت.

تا ئێستای لەگەڵ بێت شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کە لە پشکی پارتییە لەو بارەیەوە بێدەنگی هەڵبژاردووە.