چالاکوانێک بۆ زایەڵە: تورکیا بەئامانج دەست وەردان لە خاکی هەرێمی کوردستان دەکات
(0) /
چالاکوانی مەدەنی لە هەرێم کوردستان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە تورکیا بەئامانج دەست وەردان لە خاکی هەرێم دەکات.
دانا عەبدول چالاکوانی مەدەنی لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، هێرش و دەستوەردانەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە بۆ سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان لە گەرمەی شەڕی ناوخۆ کە هێزە کوردییەکان بەشێکیان تورکیایان پەلکێش ئەکرد.
ڕاشیگەیاند: تورکیا بەئامانجێکی دیار و بە ئامانجێکی تائەندازەیەک شاراوە دەستوەردان لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەکات، ئامانجە دیارەکەی لێدانە لە pkk کە بەحسابی خۆیان هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمنی قەومیی تورکیا، ئامانجە نادیارەکەیش بیرۆکەی گێڕانەوەی قەڵامڕەویی عوسمانی و خۆ ئامادەکردنە بۆ دۆخی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی پاش 2022 .
وتیشی، لەڕاستیدا حکومەتی ئیتیحادی بەپێی دەستوور بەرپرسی یەکەمە لەسنوردانان وبەرپەرچدانەوەی دەستوەردانە ئەمنی و سەربازییەکانی تورکیا، بەڵام بەهۆی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و وەلائی هێزە سوننیەکان و بەشێک لەهێزە شیعەکان کە تورکمانن و بەشێک لەهێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم و هەروەها بوونی بیانووی pkk لەسەر خاکی هەرێم ڕێگربوون لەوەی نەتوانرێت هەنگاو بۆسنووردارکردنی جموجوڵەکانی تورکیا دابنرێت.
ڕونیشیکردەوە، بوونی هێزی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بێجگە لە ژێرپێخستنی سیادەی عێراق هۆکاری لاوازکردنی زیاتری هەرێمە و خاکی هەرێم ئەکاتە شوێنی ململانێی ئیقلیمی نێوان تورکیا و ئێران وئەمەیش دیسانەوە بەکردەیی هێزە کوردییەکان وەک هەمیشە دابەش ئەکات و هۆکاری سەرەکی بەردەوامیی دووئیدارەیی و ناسەقامگیریی سیاسییە لەهەرێمی کوردستان.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: