نێچیروان بارزانی لە یادی ئەنفالدا دوو داواکاریی لە لایەنە کوردستانییەکان و بەغدا هەیە

(0) / / کردستان / زایەڵە ئەنفال هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی


Apr 14, 2022

قەبارەی فۆنت:

34 ساڵ بەسەر ئەنفالکردنی 182 هەزار ژن، پیاو و منداڵی کورد لەلایەن دەسەڵاتی ئەوکاتی عێراقەوە تێدەپەڕێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە پەیامێکدا دەڵێت، "يه‌كێك له‌ دڕندانه‌ترين تاوانه‌كانى مێژووە" و لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیان بۆ بە جینۆسایدناساندنی بەردەوام دەبن. هاوکات داوای یەکڕیزیی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، یادی ئەنفال له‌ كاتێكدا کە هه‌رێمى كوردستان به‌ دۆخێكى هه‌ستياردا تێده‌په‌ڕێت، باشترين ياد و ‏به‌رزڕاگرتنى يادى شه‌هيدانى ئه‌نفال و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان، ته‌بايى و ‏پێكه‌وه‌يى و يه‌كڕيزيى هێز و لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان و پێكهاته‌كانيه‌تى له‌پێناو ‏مسۆگه‌ركردن و پاراستنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كان و قه‌واره‌ى سياسى و فيدراڵى و ‏داهاتووى هه‌رێمى كوردستاندا.

 دادگەی باڵای تاوانه‌كانی عێراق ئه‌نفالى به‌ جینۆساید و تاوانى دژى ‏مرۆڤایه‌تى و تاوانى جه‌نگ ناساندووه‌، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "له‌م ياده‌دا داواكارين و دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ ‏حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق له ‌به‌رده‌م ئه‌ركێكى ياسايى و ئه‌خلاقى و مرۆييدايه‌ بۆ ‏ئه‌وه‌ى قه‌ره‌بووى لێقه‌وماوان و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان بكاته‌وه‌ تا هه‌ندێك له‌ برينه‌كانيان ساڕێژ ببن."

کۆمەڵکوژیی ئەنفالی کورد لە رێگەی هەشت قۆناخ جێبەجێکرا، قۆناخی یەکەمی لە دۆڵی جافایەتی، لە 23ـی شوباتی 1988دەستی پێکرد، دوایین قۆناخیش لە بادینان لە 25ی ئابی 1988جێبەجێکرا، لە میانی پرۆسەکەدا زیاتر لە چوار هەزار گوند وێران کران و نزیکەی 182 هەزار کەسیش گیانیان لەدەستدا.

 قۆناخی گەرمیانی شاڵاوەکە لە 14ـی نیسانی ساڵی 1988 دەستیپێکرد و ئەو رۆژەش وەکو ساڵیادی ئەو شاڵاوە لە باشووری کوردستان دەستنیشانکراوە و یادی دەکرێتەوە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تی له‌ هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بين بۆ ناساندنى ئه‌نفال وه‌ك جينۆسايد.

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "له‌ هه‌رێمى ‏كوردستان هه‌رچى له‌ توانادايه‌ ده‌بێ خزمه‌تى باشترى خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان بكرێت و هه‌وڵه‌كان بۆ ‏ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه‌ ئه‌نفالكراوه‌كان و گێڕانه‌وه‌ى رووفاتى شه‌هيدان به‌رده‌وام بن."

 دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

 ئه‌مڕۆ 14ى نيسان به‌وپه‌ڕى ڕێز و شكۆوه‌ يادى (182) هه‌زار هاووڵاتيى ‏بێتاوانى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌ و سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گيانى پاكى شه‌هيداندا ‏داده‌نوێنين كه‌ ساڵى 1988 له‌ يه‌كێك له‌ دڕندانه‌ترين تاوانه‌كانى مێژوودا، ‏ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وساى عيراق جينۆسايدى كردن و گيانيان سپارد.‏

 ئه‌نفال كه‌ به‌ هه‌شت قۆناخ ژماره‌يه‌كى زۆرى ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى گرته‌وه‌، تا هه‌تايه‌ په‌ڵه‌يه‌كى ڕه‌شه‌ به‌ نێوچه‌وانى مێژوو و ئه‌نجامده‌رانييه‌وه‌ و ‏به‌رپرسياريه‌تيى ته‌واوى مرۆڤايه‌تييه‌ كه هه‌رگيز ڕێگه‌ نه‌دات ئه‌م تاوانانه‌ له‌ هيچ ‏شوێنێكى سه‌رزه‌مين دووباره‌ ببنه‌وه‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك ڕێى لێ بگيرێت.‏

 له‌ كاتێكدا هه‌رێمى كوردستان به‌ دۆخێكى هه‌ستياردا تێده‌په‌ڕێت، باشترين ياد و ‏به‌رزڕاگرتنى يادى شه‌هيدانى ئه‌نفال و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان، ته‌بايى و ‏پێكه‌وه‌يى و يه‌كڕيزيى هێز و لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان و پێكهاته‌كانيه‌تى له‌پێناو ‏مسۆگه‌ركردن و پاراستنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كان و قه‌واره‌ى سياسى و فيدراڵى و ‏داهاتووى هه‌رێمى كوردستاندا.

 له‌ كاتێكدا دادگای باڵای تاوانه‌كانی عيراق ئه‌نفالى به‌ جینۆساید و تاوانى دژى ‏مرۆڤایه‌تى و تاوانى جه‌نگ ناساندووه‌، له‌م ياده‌دا داواكارين و دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ ‏حكوومه‌تى فيدراليى عيراق له‌به‌رده‌م ئه‌ركێكى ياسايى و ئه‌خلاقى و مرۆييدايه‌ بۆ ‏ئه‌وه‌ى قه‌ره‌بۆى لێقه‌وماوان و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان بكاته‌وه‌ تا هه‌ندێك له‌ برينه‌كانيان ساڕێژ ببن.

 له‌ هه‌رێمى ‏كوردستانيش هه‌رچى له‌ توانادايه‌ ده‌بێ خزمه‌تى باشترى خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان بكرێت و هه‌وڵه‌كان بۆ ‏ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه‌ ئه‌نفالكراوه‌كان و گێڕانه‌وه‌ى ڕوفاتى شه‌هيدان به‌رده‌وام بن. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تيش له‌ هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بين بۆ ناساندنى ئه‌نفال وه‌ك جينۆسايد.

 سڵاو و دروود له‌ گيانى پاكى شه‌هيدان و ياديان به‌ خێر.‏

 نێچيرڤان بارزانى

 سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

‏2022/4/14