موحەمەد رەئوف وێڕای لێکدانەوە ڕەھەندەکانی ئەنفال بۆ زایەڵە؛ نەتوانرا برینەکانی ئەنفال چارەسەر بکرێت
/
گفتگو
/
زایەڵە
موحەمەد رەئوف
ئەنفال
هەرێمی کوردستان
تەعریب
کوردستان
هەڵەبجە
زایەڵە - ئەنفالی کوردستان ئۆپراسیۆنێکی بە ھێز بوو لە چەن قۆناغدا کە زیاتر لە ٦مانگی خایاند بە مەبەستی قڕکردن و لە ناوبردنی نەتەوەی کورد لە کوردستان لە لایەن حیزبی بەعسەوە بە دڕندانەترین شێوە ئەنجام درا. سەرەڕای ئەوەی لیکۆڵینەوەو نووسراوی زۆر لە ئەنفال کۆڵیونەتەوە بەڵام لایەنی شاراوەی ئەنفال زۆرن لێرەوە لە ڕیگای ئەم وتوووێژەوە دەمانەوێت سەبارەت بەم کارەساتە چەن پرسیارێک ئاراستەی بەرێز موحەمەد رەئوف بکەین کە خۆی یەکێک لەوانە بوو لە پرۆسەکەدا بەرکەوتووە چەن لێکۆڵینەوەو وتار و پەرتووکی لەم بوارەدا نووسیوە وەک:ڕەھەندە سۆسۆلۆژییەکانی ئەنفال و پاکیزەکانی ئەنفال.
زایەڵە: جەنابتان وەک یەکیک لە بەرکەوتووانی کارەساتی ئەنفال یادەوەری ھەرساڵەی ئەنفال چ کاریگەرییەکی ھەیە بۆتان؟
ـــ دیارە تاوانی ئەنفال یەکێکە لەو تاوانە گەورانەی لە مێژووی گەلی کوردا بە سەر کوردا ھاتووە ئەم تاوانە لە کاتێکدا ڕووی داوە کە جەنگی نێوان عێراق و ئێران لە ئارادا بووە و ڕژێمی بەعس بە ھەموو قوواتیەوە ھەوڵی لە ناوبردنی گەلی کوردی داوە. پرۆسەی ئەنفال شتێکی کوت وپڕ نەبووە، ساڵێک پێش دەسپێکردنی پلانی بۆ داڕێژرابوو، کەسایەتییە باڵادەستەکانی سوپای عێراق وەک: عەلی حەسەن مەجید، سولتان ھاشم نەزار خزرجی ئەنجام دەری بوون. بۆیە ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی زۆر کارەساتاوی بوو ، زۆرتر لە سەر گوندەکان ئیجراکرا ئەوکات پێشمەرگە دەھاتنە ناو گوندەکان ئیمەش لە گوندا بووین ڕژیمی بەعس بڕیاری دابوو ھەموو گوندەکانی کوردستان بسووتێنن و چۆڵی بکەن. بۆیە ساڵانە کە ڕۆژی ئەنفال دێتەوە ئێمە ئەو رۆژە تاڵانەمان بیردەکەوێتەوە کە رژیمی بەعس بە ھەمووجۆرە چەکێک ھێرشی دەکردە سەرمان . ھەربۆیە ئەنفال بۆ ئێمە پڕە لە نەھامەتی و ئەشکەنجە و ئازار. بە داخەوە ئەو کات ھیچ لایەن و وڵاتێک و ھیچ ڕیکخراوێکی مافی مرۆڤ بە دەم ئیمەوە نەھات و دوای ڕاپەڕین و حکومەتی خۆجێیی ھەرێمی کوردستانیش نەتوانرا برینەکانی ئەنفال لە ھیچ ڕەھەندێکەوە چارەسەر بکرێت.
زایەلە: وەک باستان کرد لە پرۆسەی ئەنفالدا گوندەکان زۆرتر بوونە قوربانی، ھۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
ــ لە ڕاستیدا پرۆسەی ئەنفال ھەر لە سەرەتاوە بۆ سەر گوندەکان بوو لە بەر ئەوەی زۆربەی گوندەکان لە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدا بوون و ھەموو ئەو ناوچانە لە لایەن حکوومتی بەعسەوە وەک ناوچەی قەدەغەکراو ناودەبران . لە ساڵی ١٩٨٧ حکوومەتی بەعس لە ھەندیک لەو ناوچە سنوورییانە کە پێشمەرگە دەستی پێی دەگەیشت کشایە وە و ئۆردووگای زۆرە ملی درووست کرد و بەشێکی زۆر لە خەڵکی گوندەکانی بردە ئەوێ بۆیە ئەم کارەساتە زۆرتر لە ھەموو گوندەکانی تێدا قوربانی کرا. ئەم پرۆسە لە ٢٣/شوباتی ١٩٨٨ دەستی پێکرد تا حکوومەت زۆرتر بە سەر ئەو ناوچانەدا زاڵبێت ئەم پرۆسە لە ٦ناوچە و ٨قۆناغدا جێبەجێکرا، قۆناغی یەکەم بۆ سەر دۆڵی جافایەتی بوو قۆناغی دووەم ناوچەی قەرەداغ سێھەم:گەرمیان چوارەم ناوچەی قەڵاسێوکە و گۆپتەپە، پێنجەم شەقڵاواو ڕەواندز وقوناغی ھەشتەم و کۆتاییش بۆسەر بادینان بوو.
بەپێی ئەو ئامارە ناڕەسمیانەی خراونەتە دەر زیاتر لە ٤٠٠٠ گوند خاپوورکران، ٤ قەزا و ٣٠ ناحیە چۆڵکران ، ٣١٠٠ مزگەوت و زیاتر لە ١٠٠ کلێسە. بەپێی ئامارێک ١٨٢٠٠٠ کەس لەم کارەساتەدا بوونە قوربانی بەڵام ئەم ئامارە بە ڕاست نازانم و وەک ئامارێکی سیاسی دەیبینم ناوەندی میدل ئێست ووچ ڕێژەی ٥٠ تا ١٠٠ ھەزار کەسی بۆ داناوە.
زایەڵە: سەرەڕای ئەو ھەموو نەھامەتییەی لە کارەساتی ئەنفال¬دا بە سەر گەلی کوردا ھات لە ڕوانگەی نێو دەوڵەتییەوە کارەساتی ئەنفال وەک جینوساید ناسراوە؟
ـــ لە بەر ئەوەی ئەو کات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی ڕژیمی بەعسی دەکرد، پرۆسەی ئەنفال لە ئاستی نێو دەوڵەتیدا کەمترین گرینگی پێدراوە . لە ساڵی ١٩٨٨ کە کارەساتی ئەنفال ڕووی دا تا سالی ١٩٩٠ یەعنی ئەوکاتەی سەدام حسەین پەلاماری کۆیتی دا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆمەڵگەی عەرەبی ھەر پشتیوانیان لە ڕژیمی بەعس دەکرد ھەر بۆیە ئاسان نەبوو کورد بە ڕاگەیاندنێکی لاواز و دیپلۆماسییەتێکی لاوازەوە بتوانێت ئەم بابەتە بگەیەنێتە ئاستی نێو دەوڵەتی. لە پاش ڕاپەرینیش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە شێوازێکی لۆکاڵی لە سەر ئەنفال ئیشی کرد. ھەموو ئەنفالی کورت کردەوە بۆ پێدانی زەوی و بڕینەوەی مووچە بۆیان و نەیتوانی ئەنفال تەوزیف بکات تەنانەت لە ئاستی ناوخۆشدا تەوزیف کردنێکی لاوازی کرد. لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق کە ڕژیمی بەعس ڕووخا توانرا لە ئەنجومەنی نوێنەران کارەساتی ئەنفال بە جینۆساید بناسرێت بەڵام تەنانەت بەرپرسانی کورد نەیانتوانی قەرەبووی کەسووکاری ئەنفالیش بکەنەوە نەک قەرەبووی کورد بەگشتی و ئەو زیانەی کورد بە ھۆی پرۆسەی ئەنفالەوە لێیکەوتووە. بە داخەوە حکوومەتی ھەرێم تەنانە بەدوادا چوونی بۆ ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەران یان پەرلەمانی عێراقدا نە کرد.
جگە لەو ھەنگاوە تاکە کەسیانەی ھەندێک لە چالاکڤانانی کورد لە ئاستی نێو دەوڵەتیدا کردوویانە بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەنفال ھەنگاوێکی ئەوتۆ نەنراوە ئەمەش بەشێکی بۆ کەمتەرخەمی بەرپرسانی کورد دەگەڕێتەوە کە تا ئێستاش پرسی ئەنفال وەک پرسی جینۆسایدێکی نێو دەوڵەتی کە ڕەنگێکی نێودەوڵەتی ھەیەو ئەتوانرێت لە ئاستی دادگای نێو دەوڵەتی بکرێتە پرسێکی جیھانی کە ئەمەشیان جێبەجێ نەکرد. تەنانەت ئەتوانرا لە پرسی ئەنفال بۆ درووست کردنی دەوڵەت کەڵک وەر بگیرێت. لە ڕووی ئابوورییەوە ئەتوانرا دەوڵەتی عێراق ناچار بکرێت وەک چۆن قەرەبووی زیانە ئابوورییەکانی کۆیتی کردەوە دەبوایە وابکریایە قەرەبووی زیانە ئابووری ومرۆییەکانی کوردیش بکرێتەوە.
زایەڵە: وەک ئاماژەتان پێکرد بەرپرسانی کورد نەیانتوانیوە وەک کارتێکی گوشار لە ئەنفال کەڵک وەر بگرن، ھۆکاری ئەم نەتوانین و کەمتەرخەمییە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
ــ کاتی خۆی لە ئاستی نێو دەوڵەتیدا بەرپرسانی ھەرێم لاواز بوون و نەیان دەزانی چۆن دەبێت لە ئاستی نێو دەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ تەوزیفی ئەم پرسە بکەن. لە گەڵ ناساندنی ئەنفال لە ئاستی باڵادا کورد و دۆزی کوردیش بە جیھان دەناسرا.
لە ئاستی بەغداش بەڕاستی لە سێدارەدانی عەلی حەسەن مەجید و سەدام حسەین و دارودەسەکەی پێوەندی بە کارەساتی ئەنفالەوە نەبوو ھەربۆیە بە کۆتایی ھاتنی ئەوان پرسی ئەنفالیش لە بەغدا کۆتایی ھات و نوێنەرانی کوردو حکوومەتی ھەرێمیش لە بەغدا تاکوو ئێستا ئەم پرسەیان بە شێوەیەکی گرینگ وەر نەگرتووە.
لە نێوخۆی ھەرێمی کوردوستانیش وەک پرسێکی مێژویی لێکدرایەوە نەک وەک پرسێک کە بەردەوام ئەتوانرێت وەک ھۆلۆکاست بەھرەی لێوەربگیرێت و لە داھاتوو بەقازانجی گەلی کورد و قوربانیانی ئەنفال بەکاربھێنرێت. پرسی ئەنفال پرسێکی زیندووە و دەتوانرێ لە داھاتودا زۆر کاری لەسەر بکرێت بەڵام بە داخەوە بەرپرسانی کورد وەک پرسێکی زیندوو مامەڵەی لەگەڵ ناکەن.
زایەڵە: لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە چ ھەنگاوگەلێک بۆ قوربانیان و کۆمەڵگای کوردی ھەڵگیراوە؟
ــ لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە ھەنگاوی جیددی دانەنراوە لە ڕووی کۆمەڵایەتی بە دووشێوە ، شێوەیەکیان توێژینەوە و دراسە کۆمەڵایەتییەکانە لە سەر پرسی ئەنفال و قوربانیان و ڕزگاربووانی ئەنفال دیوەکەی تریش پەیوەندی بە لایەنی کۆمەڵایەتی کەسووکاری ئەنفال خۆیەوە ھەیە کەدەیان کێشەی بۆ کەس وکارو ژنانی ئەنفال و بۆ کچان و منداڵان و پەک کەوتوانی ئەنفال درووست کرد.
حکوومەتی ھەرێم لە ڕووی سایکۆلۆژی و لە ڕووی سۆسیۆلۆژییەوە کارێکی نەکرد کە چۆن بتوانرێ کەسووکاری ئەنفال، ژنانی ئەنفال کە لە سەرەتاکانی پرۆسەی ئەنفال ھە موویان لە ناو شۆکیکدا ئەژیان چۆن ڕاھێنان لە گەڵ¬دا بکرێت و چۆن جارێکی تر بھێنرێنەوە ناو کۆمەڵگا و ژیانی سروشتی بکەن لەم ڕوانگەشەوە ھەوڵێکی ئەوتۆ نەدراوە. بەڵام لە ئاستی توێژینەوەکۆمەڵایەتییەکان تەنیا چەن توێژینەوەیەکی کەم کراوە لە سەر ڕەھەندە سۆسیۆلۆژییەکانی پرۆسەی ئەنفال.
زایەڵە: بەڕای ئێوە کارەساتی ھەڵەبجە بە دەر لە پرۆسەی ئەنفال بوو یان بەشێک بوو لەم پرۆسەیە؟
ـــ وەک باسمان کرد پرۆسەی ئەنفال بە سەر ٨ قۆناغدا دابەشکرا وقۆناغی یەکەم لە ناوچەی سەرگەڵوو بەرگەڵوو و ناوچەکانی ژێر دەستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دا بوو لە ٢٣ی شوبات دەستی پێکرد و ماوەی ٢٠ ڕۆژی خایاند و نەتوانرا ئەو ناوچەیە کۆنترۆڵبکرێت و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەوکاتە پلانێکی دانا و بەرەیەکی تری شەڕی کردەوە تا تەوژمی ھێزی حکوومەتی عێراقی لە سەر ئەوێ کەمێک سووکتر بکات کاتێک ھێزەکانی بەرەی کوردستانی پلانی گرتنی ھەڵەبجەیان دانا و کاتێک ھەڵەبجە گیرا حکوومەتی عێراقی ھێزەکانی لە سەرگەڵووبەرگەڵوو نەکشاندەوە ھەڵەبجەی کیمیاوی باران کرد و ھاتەوە بۆ درێژەداین بە پرۆسەی ئەنفال لەو ناوچەیەدا.
لە ماوەی قۆناغی یەکەمی ئەنفال لە ٢٣/٢ تا ١٩/٣ پرۆسەی کیمیابارانی ھەڵەبجە ڕووی¬دا بەڵام لە چوارچێوەی پرۆسەی جێبەجێکردنی ئەنفالدا نەبوو، ئەگەرچی ھەندێک لە خەڵکی ھەڵەبجە دواتر لە نووگرە سەلمان زیندانی کران یا کاتێک لە ئێران گەڕانەوە بەر ھێرش کەوتن و بەرەو باشوور نێردران بەڵام وەکوو چوارچێوەی جوگرافیای ئەنفال ھەڵەبجە نەچووە چوارچێوەی ئەنفال.
زایەلە: کتێبی پاکیزە کانی ئەنفالی ئێوە بەتایبەت لە سەر ژنانی ئەنفال ئەدوێت ڕووبەڕوو بوونەوەی بەعس لەگەڵ ژنان لەم کارەساتەدا چۆن بووە؟
ـــ لە پرۆسەی ئەنفالدا ژنان زۆرترین قوربانییان دا کە لە چەن ڕووە وە جێگای باسە: یەکیکیان ئەوەیە کە ژنانیش وەک ھەموو توێژێکیتر بوونە قوربانی زیندە بەچاڵکران، درانە بەر گوللە، زیندانی کران، لە گوندەکانەوە ڕاپێچران و ھە موو ئەو نەھامەتیانەی ناو کەمپەکان و نووگرە سەلمان و ئەو زیندانانەیان بینی، بەشی زۆری ئەوانەی زیندە بەچاڵکران پیاوان بوون بێگومان ژنانیشیان تێدابوو. لە دوای پرۆسەی ئەنفال ئەوەی کە مایەوە ژنان بوون بەشی زۆریان پیاوەکانیان گیرابوون یان کوژرا بوون و بی سەرپەرست مانەوە و ئەرکی سەرپەرستی کەوتە ئەستۆیان، ئەمەش گرفت و چەرمەسەری زۆری بە دوادا بوو. بۆیە ژنان لە چەندین ڕووەوە بوون بە قوربانی، لە کاتی جیبەجیکردنی پرۆسەی ئەنفال و لە ڕاپێچکردنی گوندەکان و لە ناو زیلەکان و دبس و نووگرە سەلمان و تۆپزئاوا. بەشێکی تریشیان لە کەمپەکان مانەوە بە ھەزاران گرفت و کێشەی کۆمەڵایەتییەوە.
زایەڵە: با ئاورێک لە تەعریب بدەینەوە ئایا تەعریب بەشێک لە ئەنفال بوو یان پرۆسەیەکی جیاوازە؟
ــ پرۆسەی تەعریب پرۆسەیەکی جیاواز بوو بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە بوو کە مێژووەکەی بۆ سەرەتای سەدەی ٢٠ دەگەڕێتەوە لە دوای ساڵی ١٩٢٠ و دۆزینەوەی نەوت لە ناوچەکانی کەرکوک و خانەقین و دوزخورماتوو مەخموور وشەنگال و ھەموو ئەم ناوچانە پرۆسەی تەعریب گرتنیەوە . بەتایبەتیش لە دوای سالی ١٩٧٦ ئەوپرۆسە بەرفراوانتر بوو. پێشتر بەشێکی زۆر لە قەزا و ناحیەکانی ئەم ناوچانە لێک کرانەوە بۆ ئەوەی نفووسی کورد لەم ناوچانە کەم بێتەوە و دواتریش ڕاگواستنی ھاووڵاتیانی کورد لەم ناوچانە بە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە ، کە توانیان گۆڕانکارییەکی گەورەیان تێدا درووست بکەن و ئێستەش دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە و ھەمووناوچە کیشە لەسەرەکان بە تەواوی گۆڕاوە.
زایەڵە: بە بڕوای ئێوە ئەو ململانێیە ئێستا لە نێوان کوردو عەرەب بەتایبەت لە ناوچە کێشە لەسەرەکان¬دا ھەیە درێژەی پرۆسەی تەعریبە؟
ــــ لە دەستووری ھەمیشەیی عێراق¬دا مادەیەک ھەیە بە ناوی مادەی ١٤٠ بۆ چارەسەری کیشەی ناوچە جێناکۆکەکان ئەم مادەیە نەک ھەر جیبەجی نەکرا بەڵکوو ئاڵۆزتر کرا و نەیتوانی چارەسەری کێشەی زەوی وزارو مڵکایەتی لەو ناوچانەدا بکات بۆیە بەردەوام ئەو کێشانە لە و ناوچانە سەر ھەڵئەدەن و بەشێکی دەستێوەردانی لایەنی کوردی و عەرەبی و لایەنی شۆڤێنی تورکی و تەنانەت ھەندێ جار لایەنی کێبەرکێ وململانێکانی کوردیش دەس وەردەدەن لە ئەم دۆخەوە بۆیە ئەوەی دەبێتە قوربانی دواجار ھاووڵاتیانی ئەو ناوچانەن . دانیشتوانی ئەو ناوچانە بەشی زۆریان لە مێژە پێکەوە دەژین و بە ژیان دۆستی ژیان بەڕێ دەکەن بەڵام ئەوەی ژیانی لەو ناوچانە شێواندووە دەستوەردانە چ لە لایانی عەرەبی ،چ لە لایانی تورکی و ھەندێجار کوردیشەوە دەستوەردان لە نێوان پێکھاتەکانی ئەو ناوچانە دەکەن.
زایەڵە: لە کۆتاییدا شتێکی تر ھەیە ئاماژەی پیبکەیت ؟
ــ ١٤/٤ یان بۆ یادکردنەوەی ساڵانەی ئەنفال داناوە بەڵام ١٤/٤ نەڕۆژی دەسپێکردنی ئەنفالە و نەڕۆژی کۆتایی ھاتنی ئەنفال. بەڵکوو ١٤/٤ ئەو ڕۆژەیە ژمارەیەکی زۆری گوندنشینانی گەرمیان ئەنفال کران بۆیە ئەو ڕۆژە کراوە بە یادی ئەنفال . لە ڕاستیدا دەسپێکردنی ئەنفال ٢٣ شوبات بوو و کۆتایی ئەنفالیش ٦ ئەیلوولی ١٩٨٨ بووە.
سازدانی: داود نەزەری
تێبينيێك بنێرە: