سوپای توركیا لە سنوری هەولێر ١٢ هاوڵاتی هەرێم دەستگیردەکات

(0) / / کردستان / زایلە سوپای تورک هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی کوردکوژی قەندیل


Apr 15, 2022

قەبارەی فۆنت:

سوپای توركیا لە ناوچەی برادۆستی سنوری پارێزگای هەولێر ١٢ هاوڵاتی هەرێمی کوردستانیان دەستگیرکرد و ژمارەیەک ئەسپی هاوڵاتیانیشیان کوشتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سوپای توركیا ئێوارەی هەینی لە ناوچەی برادۆستت 12 هاوڵاتی هەرێمیان دەستگیركرد، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون خەڵکی گوندەکانی (دیلا ـ مالماڵۆک ـ میدان)ی سەر بە شارەدێی سیدەکانی سەر بە شارۆچکەی سۆرانی پارێزگای هەولێرن.

کەسێک نزیکی خانەوادەی ئەو هاوڵاتیانە، هەواڵەکەی بۆ شارپرێس پشتڕاستکردەوە ڕاگەیاند، ئەمڕۆ هەینی وەکو ڕۆژانی ڕابردوو ژمارەیەک هاوڵاتی گوندی دایلا و شەپان مالماڵۆک و مەیدان، بە مەبەستی هێنانی گژوگیای بەهاری سەردانی چیا و شاخ و تەپۆڵکەکانی سنوری برادۆست دەکەن، بەڵام لەلایەن ژمارەیەک سەربازی سوپای تورکیاوە دەستگیر دەکرێن و ئەشکەنجە دەدرێن .

ئەو هاوڵاتییە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە وتیشی: ماوەی چەند کاتژمێرێکە لەلایەن سوپای تورکیا دەستگیرکراون و دوای ئەشكەنجەدانیان، ویستویانە لە ڕێگای هەلیکۆپتەر بیانگوازێتەوە بۆ وڵاتی تورکیا، بەڵام لە شوێنکدا لەو ناوچەیە تەحویلی بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە کراون، تائێستاش هاوڵاتیەکان نەگەڕاونەتەوە ناو خانەوادەکانیان و چارەنووسیان نادیارە.

بەوتەی كەسوكارەكانیان، کاسبکارەکان ژمارەیەک ئەسپ و دەواریان پێبووە بۆ هێنانەوەی ڕێواس و گژوگیابەهارییەکان، بەڵام هێزە شەڕکەرەکانی تورکیا ئەوانیشان بردووە و کوشتوویانە.

دەستگیركردنی ئەو هاوڵاتیانە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی توركیای كرد و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا و هاكان فیدان، سەرۆكی میت كۆبویەوە.