موقتەدا سەدر هۆشداریی بە تورکیا دەدات
(0) /
موقتەدا سەدر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق بە بێپاساو" ناو دەبات و وێڕای داوای پەیوەندیی دراوسێیەتی باش، هۆشداری دەدات و دەڵێت "مامەڵەکانمان لەگەڵ دراوسێکانمان لەڕووی ئەمنی و دیپلۆماسییەوە هاوشێوە دەبن."
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر لە راگەیێندراوەکەیدا کە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 19ـی نیسانی 2022، بڵاویکردەوە، دەڵێت، "تورکیای دراوسێ بەبێ پاساو بۆردوومانی خاکی عێراق دەکات و ئەو مافەشی نییە."
سەدر ئاماژە بەوە دەدات؛ "ئەگەر مەترسییەک هەبێت لەنێو خاکی عێراقەوە بۆسەر تورکیا، دەبێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق کۆتایی پێبهێنرێت، هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش توانای کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانیان هەیە."
جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە؛ "ئەگەر هێرشەکانی تورکیا دووبارە ببنەوە بێدەنگ نابین، عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی تەواوە و قبووڵی ناکات ئاسایشەکەی ناسەقامگیر بکرێت، هەروەک چۆن قبووڵ ناکەین لە خاکی عێراقەوە دەستدرێژی بکرێتە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێی برا و دۆست."
سەدر لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "پەیوەندییە هاوبەش و هاوسەنگەکانمان لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ بەهێز دەکەین، مامەڵەشمان لەڕووی دیپلۆماسی و ئەمنییەوە هاوشێوە دەبێت."
تێبينيێك بنێرە: