شەش بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ روبەڕوبونەوەی وشکەساڵی
/
اقتصادی
/
زایەڵە
کشتوکاڵ
وشکەساڵی
هەرێمی کوردستان
ئەنجومەنی راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم کۆبوەوە و بۆ روبەڕوبونەوەی وشکەساڵی شەش بڕیاری دەرکرد، داواشی لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کرد بودجەیەکی فریاگوزاری بۆ روبەروبونەوەی وشکەساڵی بۆ دابینکردنی پێداویستی عەلەف بۆ ئاژەڵ و گلدانەوەی ئاو تەرخان بکات.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، لەکۆبونەوەکەدا ئامادەکاریەکانی روبەروبونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و چۆنیەتی چارەسەرکردنی گیروگرفتاکانی تایبەت بەم بابەتە باسکراوە، بۆ هەمان مەبەست راپۆرتێکی تایبەت بە داهاتی ئاو و وشکەساڵی و زیانەکانی لە لایەن بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاو و بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاوی هەرێم خوێندرایەوە، هەروەها تاوتوێی لێکەوتەو پێشهاتەکانی وشکەساڵی کرا لە هەرێمی کوردستان.
ئەوەش هاتوە، بڕیاردراوە ژورێکی عەمەلیاتی لە ناکاو(طارء) پێکبهێنرێت بۆ دیراسەکردنی گیروگرفتەکانی وشکەساڵی، ئامادەکردنی پلانێکی تایبەت بە روبەروبونەوە و بەرەنگاربونەوەی وشکەساڵی، هەروەها بڕیار درا بەدابەزاندن و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارەی گەرمیان بۆ مەبەستی کارئاسانی کردن بۆ هێنانی عەلەف و ماددەعەلەفیەکانی تایبەت بەخۆراکی ئاژەڵی و پەلەوەری و ماسی.
دەقی بڕیارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو:
١ - بڕیاردرا ژورێکی عەمەلیاتی لە ناکاو(طارء) پێکبهێنرێت بۆ دیراسەکردنی گیروگرفتەکانی وشکەساڵی و ئامادەکردنی پلانێکی تایبەت بەر وبەروبونەوە و بەرەنگاربونەوەی وشکەساڵی و دواتر پلانەکە ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت بەمەبەستی دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ چارەسەرکردن و روبەروبونەوەی وشکەساڵی و کەم کردنەوەی کاریگەری زیانەکان لە سەر جوتیاران.
٢ - بڕیاردرا بەزوترین کات پەیوەندی بکرێت بە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بۆ ئەوەی لە پلانی روبەروبونەوەی وشکەساڵی هەماهەنگی بکرێت بۆ دروستکردنی پرۆژەکانی تایبەت بە ئاودێری و بەنداو لە هەرێمی کوردستان، وە داوا لە وەزارەتی بازرگانی عێراق بکرێت بەزوترین کات دەرگای سایلۆکان بەروی جوتیارانی هەرێرم بکاتەوە بۆ وەرگرتنی گەنمی بەرهەمهاتوی ئەم ساڵ.
٣ - داوابکرێت لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابین کردنی بودجەیەکی فریاگوزاری بۆ روبەروبونەوەی وشکەساڵی بۆ دابینکردنی پێداویستی عەلەف بۆ ئاژە ، وە بابەتی چاکردنی پرۆژەکانی ئاودێری و دروستکردنی پۆند بۆ گلدانەوەی ئاوی باران.
٤ - بڕیار درا بەدابەزاندن و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارەی گەرمیان بۆ مەبەستی کارئاسانی کردن بۆ هێنانی عەلەف و ماددەعەلەفیەکانی تایبەت بەخۆراکی ئاژەڵی و پەلەوەری و ماسی بۆ کەم کردنەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم هاوردەکردنی ماددەعەلەفیەکان و کەم کردنەوەی کاریگەری کەمی لەوەڕگاکان لەسەر خاوەن ئاژەڵەکان و خاوەن پرۆژەکانی سامانی ئاژەڵ و دابینکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ کۆنترۆڵی ئەو ئافات و نەخۆشیانەی کە بەهۆی وشکە ساڵیەوە بڵاودەبێتەوە.
٥ - بڕیاردرا لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاو رەشنوسی تایبەت بە هەموارکردنەوەی رێنمای هەڵکەندنی بیر ئامادەبکرێت و لە وۆرکشۆپێکی تایبەتدا لە لایەن لێژنەی یاسایی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی ئاودێری و ئاوی ژێرزەوی ئەنجام بدرێت بەمەبەستی هەموارکردنەوەی رێنمایی ژمارە (1)ساڵی 2015 تایبەت بە هەڵکەندنی بیر.
٦ - بڕیاردرا لەلایەن وەزارەتمان بەدواداچون بکرێت بۆ پرۆژەکانی تایبەت بە بودجەی دابینکراو بۆ پرۆژەکانی ئاودێری و بەنداو پۆند وپرۆژە ستراتیژیەکانی کەپەیوەندی بەئاودێریەوە هەیە لە وەزارەتی پلاندانان بۆ ئەوەی کاری لەسەربکرێت بۆ کەمکردنەوەی گرفتەکانی وشکەساڵی.
تێبينيێك بنێرە: