لیوا قائانی: داگیرکارانی زایۆنی بۆ شوێنی سەرەکی خۆیان لە ئەورووپا یان شوێنەکانی دیکە بگەڕێنەوە

(0) / / ایران / زایەڵە قائانی زایۆنی قودس


Apr 29, 2022

قەبارەی فۆنت:

فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وێڕای جەخت لەسەر ئەوەی کە تەمەنی ڕژێمی زایۆنی بەرەو کۆتایی دەڕوات، وتی: باشتر وایە داگیرکارانی زایۆنی لە زووترین کاتدا بۆ شوێنی سەرەکی خۆیان لە ئەورووپا یان شوێنەکانی دیکە بگەڕێنەوە.
بەپێی ڕآپۆرتی زایەڵە، لیوا ئیسماعیل قائانی لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی قودس لە شاری مەشهەدی ئێران، وتی: ڕۆژی جیهانی قودس یەکێک لە باشترین ڕۆژەکانە بۆ موسڵمانان و ئیمامی گەورەی ئێمە پێشەنگی خۆڕاگری لە بەرامبەر ڕژێمی منداڵکوژ و ناپاکی زایۆنیستی بووە.
ناوبراو وتی: لە ماوەی چل و چەند ساڵی ڕابردوودا گەلی گەورەی ئێران و گەلانی ئیسلامی و خەڵکی جیهان، لەو شوێنانەی حکومەتە دواکەوتووەکانیان ڕێگرییان لەوان نەکردووە، هەر ساڵ ئەم ڕێوڕەسمەیان باشتر لە ساڵانی ڕابردوو بەڕێوە بردووە، تەنانەت لە ساڵانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە هەر شێوازێک ئەم ڕۆژە گرنگەیان بەرز ڕاگرت.
لیوا قائانی وتی: ئەگەر ئیمام خومەینی (رە) جەختیان لەوە دەکردەوە کە ئەم شێرپەنجەیە (ڕژێمی زایۆنیستی) دەبێت لە ناو بچێت بۆ ئەوەیە کە فەڵەستین و خەڵکەکەی خاوەنی مێژوویەکی ڕەسەنن، زایۆنیستەکان خەڵکی فەڵەستینیان ئاوارە کردووە و خۆیان کردووەتە خاوەنی خاکەکەیان، هەر بۆیە دەبێت خاکی فەڵەستین بۆ خاوەنە ڕاستەقینە و ڕەسەنەکانی بگەڕێتەوە.
فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیشی: تەمەنی ڕژێمی زایۆنی بەرەو کۆتایی دەڕوات و باشترە داگیرکارانی زایۆنیست لە زووترین کاتدا بۆ شوێنی سەرەکی خۆیان لە ئەورووپا یان شوێنەکانی دیکە بگەڕێنەوە.