ڕانانێکی کورت بۆ کتێبی "ئەنفال و داهێنان"

(0) / / فرهنگی / زایەڵە ئەنفال داهێنان


Apr 30, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - یەکێک لەو کتێبە گرنگ و بەبایەخانەی لەمساڵدا چاپ و بڵاوکرایەوە تێزی دوکتۆرانامەی “د. مەهدی فاتیح عومەر”ـە، کە تەرخانە بۆ پەیوەندی ئەنفال و ڕەنگدانەوەی لە ئەدەب و هونەردا، ئەوەندەی من ئاگاداربم تا هەنووکە هیچ توێژینەوەیەکی لەمشێوەیە و بەم چەشنە فراوانە ئەنجام نەدراوە .

بێگومان لە دوای ڕاپەڕینەوە تێکست و بەرهەمی هونەری زۆر لەسەر ئەنفال بەرهەم هاتوون و زۆرجار بۆ توێژەر ئەو زۆرییە، دەبێتە ئاستەنگ لەوەی بتوانێت هەڵسەنگاندنێکی دروست بۆ تەواوی ئەو تێکستانە بکات کە سەبارەت بە ئەنفال نووسراون و بە شێوەیەکی ئەکادیمیانە تیشک بخاتە سەریان. بەڵام هەر خودی کارکردنەکە و ئاوڕدانەوەکە لە پرسێکی لەم چەشنەدا گرنگە. توێژینەوەکە بەناونیشانی “ئەنفال و داهێنان- پرۆسەی ئەنفال و ڕەنگدانەوەی لە ئەدەب و هونەری کوردیدا” خراوەتەڕوو و نووسەر هەوڵیداوە بە شێوەیەکی ورد و چڕ تیشک بخاتە سەر ڕەنگدانەوەی کارەساتی ئەنفال لەنێو ئەدەب و هونەردا.

سەرەتا نووسەر هەوڵی ئەوەی داوە کە لەڕێی پێناسەکردنی چەمکەکەوە ڕەهەندی مێژوویی چەمکەکە و دواتر واتایی بخاتەڕوو. هاوکات ڕەهەندی زمانی چەمکی پرۆسەی ئەنفالیش شی بکاتەوە. ئەمە بێجگە لەوەی پەیوەندی ئەم چەمکە بە ئایینەوە ڕوونکراوەتەوەتەوە. دواتر نووسەر هەوڵی شیکردنەوە و پێناسەکردنی ئەو چەمکە پەیوەندیدارانەی کە پەیوەستن بە پرۆسەی ئەنفالەوە داوە وەکو چەمکەکانی (بەعس، جاش، مستەشار، ئۆردوگا) و چەند چەمکی پەیوەستی دیکە. هاوکات نووسەر ئەنفال وەکو تاوانێکی جینۆسایدکردن دەناسێنێت و لەمەشدا دیسان دەست بە شیکردنەوەی چەمکی جینۆساید دەکات و جۆرەکانی ڕوون دەکاتەوە، ئەمە بێجگە لە کورتە مێژوویەکی جینۆسایدیش دەخاتەڕوو.

کاتێک لەم کتێبە وردبینەوە هەست بە ماندووبوونێکی زۆری نووسەرەکەی دەکەین، بەو پێیەی هەوڵی ئەوەی داوە کە لە ڕووبەرێکی گەلێک فراواندا لە چەمکی ئەنفال بکۆڵێتەوە لەنێو ئەدەب و هونەردا ئەمەش لە زۆر جێگەدا هەست بەوە دەکەین کە ئاستەنگی بۆ دروست بووە. نووسەر بە پەیڕەوکردنی میتۆدی ناساندن و ڕەخنەیی توانیویەتی بەسەر زۆر کۆسپدا زاڵ بێت و ئەمەش هێمایە بۆ سەرکەوتنی ئەو لە توێژینەوەکەیدا .

یەکێک لە خاڵە درەوشاوەکانی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە بە دیدێکی ڕەخنەییەوە نووسراوە. ئەو دیدە ڕەخنەییە خاڵی سەرەکی و درەوشاوەی توێژینەوەکەیە. بەبێ ئەم دیدە ڕەخنەییە ڕەنگە بەهای کتێبەکە لەو ئاستەی ئێستادا نەبوایە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا خاڵێک کە تاڕادەیەک لەم توێژینەوەیەدا وەکو نەنگی دەردەکەوێت ئەوەیە کە ڕووبەری کارکردنی نووسەر زۆر فراوانە، کە لە زۆر جێگەدا هەست بەوە دەکرێت هەقی خۆی بەبابەتی باسلێوەکراو نەدراوە. خودی نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا دەڵێت کە ئەو پسپۆڕی لە ئەدەبە، بەڵام بەخێرایی ئاوڕی لە کایەی هونەر داوەتەوە. ڕاستییەکەی ئەمە خاڵێکی نەنگی ئەم توێژینەوەیەیە، چونکە دەکرا توێژینەوەکە تەنها تەرخان بکرێت بۆ ئەدەب و ئەوەندەش تێکستی ئەدەبی لەبەردەستدایە کە پێویستی توێژینەوەکەی پڕ بکردایەتەوە. بەڵام سەرەڕای ئەم سەرنجە لەسەر ئەم کتێبە زیادەڕەوی نییە کە بڵێم یەکێکە لە سەرچاوە هەرە گرنگ و بەبایەخەکان لەسەر تاوانی ئەنفال.

دەستخۆشی بۆ د. مەهدی فاتیح و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کە سەرچاوەیەکی گرنگ و بە نرخیان پێشەکەشی کتێبخانەی کوردی کرد.

ڕانانێکی کورتی نوسەر و ڕەخنەگر ئارام کۆشکی دەربارەی کتێبی ( ئەنفال و داهێنان).

كامه ران كه ريم