نمایشی گشتی "ئەزموون" لە جەژنی ڕەمەزانەوە لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات
/
فرهنگی
/
زایەڵە
ئەزموون
هەرێمی کوردستان
شەوکەت ئەمین کورکی
هەرێم
نمایشی گشتی فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە دەرهێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" لە ٌڕۆژانی جەژنی پیرۆزیی ڕەمەزانەوە لە سینەمای شارە جۆراوجۆرەکانی هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، فیلمی سینەمایی "ئەزموون" The Exam چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"، لە بەرهەمهێنانی "مەمەد ئەکتاش"، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ کە تا ئێستا لە کۆمەڵێک فێستیڤاڵی گرینگ لە ئاستی جیهاندا نمایشکراوە و چەندین خەڵاتی پڕبایخیشی بەدەستهێناوە؛ نمایشە گشتییەکەی بە بۆنەی جەژنی پیرۆزیی ڕەمەزانەوە لە سینەمای شارە جۆراوجۆرەکانی هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات و لە درێژەی نمایشی خۆشیدا لە شارەکانی عێراق دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.
"ئەزموون" بەرهەمی کۆمپانیای "میتۆس فیلم"ی بەڕلین و کۆمپانیای "مەستی فیلم"ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای ئەڵمانی "ئاڕت هوود" ArtHood لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.
فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانەوە لە سینەماکانی "ئێمپایر" و "فامیلی مۆڵ" لە شاری هەولێر، لە سینەما "سالم" لە شاری سلێمانی، لە سینەما "دهۆک مۆڵ" لە شاری دهۆک و لە سینەما "تایم سەنتەر" لە شاری کەرکووک لە هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر پەردە.
لەم فیلمە سینەماییەدا کۆمەڵێک ئەکتەری بەئەزموونی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەندین ئەکتەری گەنجی کوردستان تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: ئاوان جەماڵ، ڤینا سالار، حوسێن حەسەن، شوان عەتووف، هوشیار زێڕۆ نێروەیی، نیگار عەسمان، کاوە قادر، عادڵ عەبدوالڕەحمان، حەمە ڕەشید هەرەس و یانا توانا.
"ئەزموون" لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" Crystal Globe لە پەنجا و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" Karlovy Vary لە وڵاتی کۆماری چیک نمایشکرا و توانی خەڵاتی فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی ڕخنەگرانی فیلم واتە "فیپێڕشی" FIPRESCI ئەم ڕووداوە گرینگ و پلە یەکەی سینەمای جیهان بەدەست بێنێت.
ئەم فیلمە کوردییە لە درێژەی بەشدارییە جیهانییەکانی خۆیدا خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سانتا باڕباڕا" Santa Barbara لە وڵاتی ئەمەریکا، خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" لە نۆزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تیرانا" Tirana لە وڵاتی ئەڵبانیا، خەڵاتی "سندووقی جەماوەری ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان" UNFPA لە بەشی پێشبڕکێی "پانۆڕامای نێودەوڵەتی" لە چل و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "قاهیرە" Cairo لە وڵاتی میسر، خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی" لە بەشی سەرەکی بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤیکتۆریا" Victoria لە وڵاتی کەنەدا و هەروەها خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی" لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنس" Mons لە وڵاتی بەلژیکا بەدەستهێناوە.
مەنسوور جیهانی
تێبينيێك بنێرە: