نوسەرێک بۆ زایەڵە: کێشەی ئاو بووەتە فاکتەری سەرەکی ناسەقامگیری لە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ سێ دەوڵەتی دراوسێ

(0) / / گفتگو / زایەڵە ئاو تورکیا بەنداو


May 18, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - کامیل محمود لە سەر ئەو باوەڕەیە کە "کێشەی ئاییندەی جیهان و بگرە جەنگە گەورەکانی داهاتوو لەسەر ئاو دەبێت نەک نەوت، ئێستا بە دروستی ئەو کێشەیە بووەتە فاکتەری سەرەکی ناسەقامگیری لە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ سێ دەوڵەتی دراوسێی خۆی جگە لەکێشە نائاوییەکانیتر."

کامیل محمود نوسەر لەهەرێمی کوردستان لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، کێشەی ئاو  یەکێکە لە کێشە گەورەکانی ناوچەکە، بە تایبەتی لەنێوان چوار دەوڵەتی دراوسێ(تورکیا، عێراق، سوریا، ئێران)، بەو پێیەی زۆربەی ئاوی سەرزەوی دووان لەو چوار دەوڵەتە سەرچاوەکەی لە دەرەوەی خۆیانەوەیە کە تورکیایە، ئەویش دەوڵەتەکانی عێراق و سوریایە کە کێشەکەیان لەهەردوو ڕووباری دیجلەو فوراتدا خۆی دەبینێتەوە، بەشێک لەسەرچاوە ئاوییەکانی ئێرانیش دیسان دەکەوێتەوە ناو خاکی تورکیا، بەڵام شەرەیانی ئاوی عێراق لەناو خاکی تورکیاوەیەو کێشەی نێوان تورکیا و عێراقیش لەسەر ئاو بۆ ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە.

وتیشی، لەمێژە چاودێران و شارەزایانی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە کێشەی ئاییندەی جیهان و بگرە جەنگە گەورەکانی داهاتوو لەسەر ئاو دەبێت نەک نەوت، ئێستا بە دروستی ئەو کێشەیە بووەتە فاکتەری سەرەکی ناسەقامگیری لە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ سێ دەوڵەتی دراوسێی خۆی جگە لەکێشە نائاوییەکانیتر. لەناو ئەو هاوکێشە ئاوییەی ناوچەکەدا عێراق زیانمەندی یەکەمە بەهۆی ئەو پرۆژە و بەنداوە ئاویانەوە کە دەوڵەتانی تورکیا و ئێران و سوریا لەسەر ڕاڕەوە ئاوییەکان بەرەو عێراق بنیاتی دەنێن، هەموو ئەو پرۆژەئاویانەش لەدەرەوەی یاساو ڕێنماییە نێودەوڵەتییەکانەوەیە کە ماف بەو دەوڵەتانە دەدات سوودی هاوبەش لەوئاوانە وەربگرن کەلەوڵاتەکانیانەوە سەرچاوە دەگرێت وبەوڵاتیتردا تێدەپەڕێت یان دەڕژێتە ناو وڵاتانی ناوچەکەوە.

ڕونیشیکردەوە،  تورکیا زۆرترینی سەرچاوەئاوییەکانی لەخۆ گرتووە و بەرپرسیاریەتی زیاتری بەردەکەوێت، ئەم گرفتەش لەئێستاداگەیشتووەتە ئاستێکی هەستیارو پێویستی بە پەیماننامە و ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی نوێ هەیە بەو پێیەی هەڵکشانی ڕێژەی دانیشتوان خواستی زیاتری لەسەر ئاو دروست کردووە ،سیاسەتی ئاویی تورکیا کە خۆی لەپرۆژەی زەبەلاحی(جی ئەی پی)دا دەبینێتەوە لەسەر هەردوو ڕووباری دیجلەو فورات بەزیانێکی گەورە بۆئاودێری و بواری ئابووری عێراق دەشکێتەوە،ئەمەش لەئاییندەدا دەرهاوێشتەی خراپی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا.

کامەران کەریم