لە ئەنجوومەنی ئاسایش؛ عێراق داوای چوونەدەرەوەی سەرجەم هێزەکانی تورکیا لەو وڵاتە دەکات
(0) /
زایەڵە - نوێنەری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایش بە فەرمی سکاڵای لە دژی تورکیا تۆمارکرد و داوای کرد دەستبەجێ سەرجەم هێزەکانی تورکیا لەنێو خاکی عێراق بچنە دەرەوە.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش رۆژی سێشەممە 17-05-2022، دەربارەی رەوشی عێراق لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا بەڕێوەچوو.
محەممەد حوسێن بەحرلعلوم، نوێنەری عێراق لە کۆبوونەوەکەدا گوتی، "هەڕەشەکانی پەکەکە ئیدی بیانوو نین بۆ مانەوەی هێزەکانی تورکیا لەنێو خاکی عێراق."
نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی دۆخی سیاسیی وڵاتەکەی و کێشەی لایەنە سیاسییەکان، باسی لەوە کرد، "لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە تێگەیشتن و چارەسەری گونجاو بۆ دۆخی چەقبەستووی سیاسی و کاکردن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ."
هەروەها دەستخۆشی لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد بۆ هاوهەڵوێستی و پشتیوانیی بەردەوام بۆ وڵاتەکەی لە بەرامبەر هەڕەشەی تیرۆردا و گوتی، "لە مانگی نیساندا هێزە عێراقییەکان هەڵمەتێکی بەرفراوانیان بۆ راوەدوونانی داعش دەستپێکرد."
راشیگەیاند، عێراق پابەندە بە گەڕاندنەوەی ئەو عێراقییانەی لە کەمپی ئەلهۆل لە سووریا دەستبەسەر کراون.
تێبينيێك بنێرە: