وردەکاری ڕەشنووسی یاسای قەدەغەکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسرائیل

(0) / / عراق / زایەڵە ئیسرائیل زایۆنی عێراق


May 20, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ڕەشنووسی پرۆژە یاسای پێشنیارکراوی قەدەغەی پەیوەندیی نێوان عێراق و ئیسرائیل لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ کرا.

وردەکاری ئەو پرۆژە یاسایە کە بۆ قەدەغەکردن و ڕێگری لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ڕژێمی زایۆنیستی پێشنیار کراوە، بڵاو کرایەوە.

بە پێی ڕەشنووسی ئەو یاسایە، ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئیسرائیل بە هەر شێوازێک تاوانە و هەبوونی هەر چەشنە پەیوەندییەکی دیپلۆماسی، سیاسی، سەربازی، ئابوری، ڕۆشنبیری یان هەر پەیوەندییەکانی دیکەی نێوان عێراق و ڕژێمی زایۆنیستی قەدەغەیە.

ئەو یاسایە سەرجەم هاووڵاتیانی عێراق لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەم وڵاتە لە خۆ دەگرێت. هەروەها ڕێکخراوەکان، دامەزراوە حکومییەکان، دامەزراوە سەربەخۆکان، پارێزگاران، ئەنجومەنی پارێزگاکان، میدیاکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دامەزراوەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرانی چالاک لە عێراق ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە.

یاساکە ئاماژەی بە وردەکاری زیاتری ئەو تاوانەش داوە، وەک: قەدەغەی هاتووچۆی نێوان عێراق و ڕژێمی زایۆنیستی، پەیوەندی لە گەڵ ئەو ڕژێمە و دامەزراوەکانی یان سیخوڕی، بەڕێوەچوونی کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنفرانسەکان بە ئامانجی هاندان و باسکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی یان هەر بانگەشەیەک بۆ ئەو مەبەستە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پێدانی هەر یارمەتییەکی مادی و مەعنەوی بە هەر دامەزراوەیەکی سەر بە ڕژێمی زایۆنیستی، قبووڵکردن و وەرگرتنی هەر هاوکاری و خەڵاتێک لە لایەن ئەو ڕژێمەوە.

یاساکە بۆ هەر یەک لەو تاوانانە سزای زیندانی هەتا هەتایی و لەسێدارەدانی دیاری کردووە.

لە ڕەشنووسی ئەو یاسایەدا هاتووە کە ئەگەر کۆمپانیا بیانییەکان لەم بوارەدا تاوانێک بکەن، ڕێگری لە چالاکییەکانی ئەوان لە عێراقدا دەکرێت و دەست بە سەر سەروەت و سامانەکەیاندا دەگیرێت.