فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆردومانی سنوری چەمچەماڵی کرد؛ چوار کوژراو هەیە

(0) / / کردستان / زایەڵە چەمچەماڵ تورکیا


May 21, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بەیانی ئەمڕۆ بۆردومانی سنوری هەردوو گوندی جەلەمۆرد و دووتەقەڵی بناری خاڵخاڵانی سنوری ناحیەی ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچەماڵیان كرد

بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئەم بەیانییە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان "بۆردوومانی بارەگایەكی پەكەكەی کردووە و لە ئۆتۆمبێلێکی داوە و چوار كەس گیانیان لەدەستداوە."‏

هێمن بەهجەت، رایگەیاند، لەدوای كاژێر 9ی بەیانی ئەمڕۆ شەممە "دوو ‏فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، بۆردوومانی سنووری گوندی تووتەقەڵ-یان كردووە ‌و ‏بارەگایەكی پەكەكە-یان كردووتە ئامانج، جگەلەوە فڕۆكەكان لە ‏ئۆتۆمبێلێكی جۆری (تۆیۆتا هایلۆكس)ـیان داوە كە چوار سەرنشیانیان ‏تێدابووە و هەر چواریان گیانیان لەدەستداوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان ‏دوو لەو كەسانە خەڵكی سنوورەكەن ‌و دووانەكەی دیكەشیان چەكداری ‏پەكەكەن."

بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر باسی لەوەشكرد "تەرمی ئەو چوار كەس ‏دەبرێتە پزیشکیی دادی بۆ لێكۆڵینەوە ‌و ناسینەوەیان.‏"

ناحیەی ئاغجەلەر سەر بە قەزای چەمچەماڵە ‌و 35 کلیۆمەتر لە سەنتەری ‏قەزاكەوە دوورە.