کوشتنی چوار ئەندامی خێزانێک لە گوندێکی گوڵاڵە لەلایەن داعشەوە

(0) / / عراق / زایەڵە داعش گوڵاڵە خانەقین تیرۆر


May 24, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - چەکدارانی داعش لە گوندێکی گوڵاڵە چوار ئەندامی خێزانێک دەکوژن.

لەکاتی هێرشی شەوی دووشەممەی داعش بۆسەر گوڵاڵە، چەکدارەکان چوونەتە ماڵی هاونیشتمانییەکەوە و چوار ئەندامی خێزانەکەیان کوشتووە، بەوەش کۆی گشتیی ئەو کەسانەی لە هێرشەکی سەر گوڵاڵە کوژران، ژمارەیان گەیشتە شەش کەس، هەشت کەسیش بریندارن.

 شەماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ئاسایشی کوڵەجۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو هاونیشتمانییە ناوی "عەدنان عوسمان" ـە، چەکدارەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و خۆی، کوڕێکی و دوو کچیان کوشتووە.

داعش لە هێرشەکەیدا نیشانشکێن و هاوەنی بەکارهێناوە. بەڕێوەبەری ئاسایشی کوڵەجۆ ئاماژەی بەوە کرد، چەکدارەکان بە هاوەن هێرشیان کردووەتە سەر ماڵێکی دیکەش، بەڵام زانیاری لەبارەی زیانەکانی ئەو هێرشە نەزاندراوە.

 هێرشەکە لە کاژێر 10:00ـی شەو روویداوە. لە سەرەتای هێرشەکەدا، شەماڵ عەبدولڕەحمان بە رووداوی گوت، دوو کەس کوژراون. بەوپێیە، ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە شەش کەس، هەشت کەسی دیکەش بریندارن کە دوو سەربازیشیان تێدایە.

 هەر لەو کاتەدا چەکداری داعش هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای لیوای 154ـی سوپای عێراق لە نزیک گوندی ئیسڵاح و بەهۆیەوە سەربازێک کوژراوە و دوو سەربازی دیکەش بریندارن.

 وادەردەکەوێت داعش سوودی لە چڕیی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینە وەرگرتبێت کە عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.

هەر شەوی دووشەممە، لە سنووری کەرکووک، چەکداری داعش هێرشیان کردە جووتیاران و بەهۆیەوە شەش کەس کوژران.