وەڵامی توندی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە دەستەی هاوئاهەنگیی مقاوەمەی عێراقی
/
کردستان
/
زایەڵە
ەنجوومەنی ئاسایش
هەرێمی کوردستان
عێراق
زایەڵە - دوای ئەوەی دەستەی هاوئاهەنگیی مقاوەمەی عێراقی، هەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبارکرد کە "ژمارەیەک گرووپی چەکدار بۆ تێکدانی عێراق رادەهێنێت"، لە بەیاننامەیەکدا ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وەڵامی دایەوە و رایگەیاندووە، "تۆمەتی بێ بنەمای هەڵبەستراون" و دەشڵێت، "هەر دەستدرێژییەک بۆسەر هەرێمی کوردستان، باجێکی قورسی دەبێت."
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "گرووپێکی لە یاسا بەدەر بەناوی هەیئەی تەنسیقی موقاوەمەی عێراقی، کە لامان روون و ئاشکرایە لەلایەن چ کەسانێکەوە هان دەدرێن، لە بەیاننامەیەکدا کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەمایان هەڵبەستووە و هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەم هەرەشانە نوێ نین و بە کردەوەش تاوەکو ئێستا لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ئەوەی لە توانایاندا بووە بە فیتی هێزە دەرەکییەکان کردوویانە و بەرهەمیان بۆ عێراق تەنیا وێرانکاری و ئاژاوە بووە."
هەر لەو راگەیێندراوەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا هاتووە، "ئێمە لێرەدا پێیان رادەگەیێنین کە هەر دەستدرێژییەک بۆسەر هەرێمی کوردستان، کە قەوارەیەکی دەستووریی ناو عێراقە، باجێکی قورسی دەبێت. ئەوان لە مێژوو وانەیان وەرنەگرتووە، گەرنا دەیانزانی کە هێزی گەورەتر و پڕچەکتر لە ئەوانیش نەیتوانیوە ئیرادەی گەلەکەمان ببەزێنێت."
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەستەی هاوئاهەنگیی مقاوەمەی عێراقی بە "لە یاسا بەدەر" و "هەڕەشە" بۆسەر سەروەری و ئاسایشی عێراق ناودەبات و دەشڵێت، "هەر ئەوانن زەمینەیان بۆ گەشەکردنی تیرۆر و هزری تووندڕەوی خۆش کردووە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا هاتووە، "سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە سەرقاڵی کاری هاوبەشن لە دژی تیرۆریستان و ئەم گرووپانەش سەرقاڵی فیتنە و ئاژاوەگێڕی و وێرانکارین.. حکومەتی فیدراڵی بەرپرسە سەروەریی عێراق بپارێزێت و سنوورێک بۆ ئەم سەرەڕۆیی و دووژمنکارییانە دابنێت."
تێبينيێك بنێرە: