ئێران: زایۆنیستەکان سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایان بە بارمتە گرتووە / دانوستانەکان نەگەنە ئەنجام بژاردەی زۆرمان لە بەردەست دایە

(0) / / ایران / زایەڵە ئێران ئەتۆمی ڤیەننا


May 27, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە – وەزیری دەرەوەی ئێران، وێڕای جەخت لەسەر ئەوەی کە گەیشتنە ئەنجامی دانوستانەکان لە ڤیەننا و زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی چاوەڕیی بڕیاری لۆژیکی ئەمریکا دەکات، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان، وڵاتەکەی بژاردەی زۆری لەسەر مێزە.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە کۆڕێک لە کۆمەڵەی جیهانی ئابووری لە زووریخی سویس وەڵامی پرسیارەکانی فەرید زەکەریای دایەوە و هۆکاری وەستانی دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بەرژەوەندیی ئێران لە سوودبینین لە هەموو دەستکەوتە ئابوورییەکان زانی.

ڕاشیگەیاند: ئەمریکییەکان بە باشی دەزانن ئەگەر بیانەوێت بگەڕێنەوە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، دەبێ چی بکەن.

جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، زایۆنیستەکان کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایان بە بارمتە گرتووە ڕێگە نادەن ئەو وڵاتە بگەڕێتەوە ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد کە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی لە ستراتیژی بەرگریی ئێراندا بوونی نییە و ئەوە بۆ ٢٠ ساڵ دەچێت کە ئیسرائیلییەکان هەر ساڵ بانگەشەی ئەوە دەکەن بۆ ساڵێکی دیکە ئێران بۆمبی ئەتۆمی دروست دەکات و ئەمە هەر ڕووی نەدا.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ڕاشیگەیاند ئەگەر دانوستانەکانی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی نەگەنە ئەنجام ئێران، بژاردەی زۆری لەبەردەست دایە.