لایەنەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: كۆكین له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌وتووانه‌

(0) / / کردستان / zayeLe زایەڵە سەرۆکایەتی هەرێم کوردستان


Jun 09, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند "سه‌رجه‌م ئاماده‌بووان كۆك بوون له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌وتووانه‌ به ‌جۆرێك كه‌ به‌رژەوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و بره‌ودان به‌ پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌ سه‌رووی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان بێت."
پێشنیوه‌ڕۆی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 9-6-2022 به‌ سه‌رپه‌رشتیی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ئاماده‌بوونی جێنین پلاسخارت، نوێنه‌ری تایبه‌تیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و تیمی پسپۆڕی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ر به‌ یونامی، له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
كۆبوونه‌وه‌ تایبه‌ت بوو به‌ بابه‌تی ئاماده‌كاریی بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌وڵدان بۆ له‌یه‌ك نزیككردنه‌وه‌ی بیروبۆچوونی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردن و كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسی و چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌‌.
بەپێی راگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ''كۆبوونه‌وه‌ به‌ تووندی ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ تیرۆریستییه‌ی‌ كرد كه‌ شه‌وی چوارشه‌ممه‌ 8-6-2022 به‌ درۆنێكی بۆمبڕێژكراو كرایه‌ سه‌ر هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و زیانی گیانی و ماددی هاوڵاتییانی سڤیلی لێكه‌وته‌وه و ئه‌مه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جیديی‌ بۆ سه‌ر ئاسايش و سه‌قامگیریی عێراق لێكدرایه‌وه‌‌."
هەر لەبارەی ‌هێرشە درۆنییەکەی شەوی رابردووی سەر هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق كرا کە پێویستە "كۆتایی به‌م ده‌ستدرێژییانه‌ بهێنرێت و به‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌وڵی جیدی بۆ رێگریكردن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ هێرشانه‌ بدات."
وەک لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی پێدراوە، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان "سوپاسی هه‌وڵه‌كانی نوێنه‌ری تایبه‌تیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق و په‌رۆشییان بۆ دۆخی هه‌رێمی كوردستان و پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد، هه‌روه‌ها سوپاسی ئاماده‌بوونی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنیان بۆ داوه‌تنامه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان كرد."
سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا لایەنە سیاسییەکان دوای گفتوگۆ و راگۆڕینه‌وه‌، "سه‌رجه‌م ئاماده‌بووان كۆك بوون له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌وتووانه‌ به ‌جۆرێك كه‌ به‌رژوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و بره‌ودان به‌ پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌ سه‌رووی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان بێت و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان به‌رده‌وام ‌بێت له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفتانه‌ی له‌به‌رده‌م یاسای هه‌ڵبژاردندا ماون."