واژۆی‌ حەلبوسی له‌سه‌ر نامه‌ی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وەی پەرلەمانتارانی سەدر

(0) / / عراق / زایەڵە سەدر حەلبوسی


Jun 13, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە – له‌سه‌ر داوای‌ موقته‌دا سه‌در، ئێواره‌ی‌ یه‌كشه‌ممه‌، حەسەن عەزاری سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی سەدر لەئەنجومەنی نوێنه‌رانی‌ عێراق نامه‌ی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ فراكسیۆنه‌كه‌ی‌ پێشكه‌شی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان كرد، دواتر محەمەد حەلبوسی واژۆی‌ له‌سه‌ر نامه‌ی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ كرد.

 دوای‌ په‌سه‌ندكردنی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ ڕه‌وتی‌ سه‌در، محەمەد حەلبوسی سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان عێراق ڕایگه‌یاند، "دڵسۆزانەو راستگۆیانە هەوڵماندا، تا بەڕێزیان [موقته‌دا سه‌در] لەم هەنگاوە پاشەکشەبکەن، بەڵام ئەو پێی باش بوو قوربانی بێت نەک پەکخەر".

سەبارەت بەبڕیارەکەی موقته‌دا سەدر ڕێبه‌ری‌ ڕه‌وتی‌ سه‌در به‌ده‌ستله‌كاكێشانه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق، محەمەد حەلبوسی  ڕایگه‌یاند، "لەسەر خواستی سەماحەتی موقتەدا سەدر، بەوپەڕی دودڵییەوە داوای خوشک‌و براکانمان لەکوتلەی سەدری بۆ دەستلەکارکێشانەوە پەسەندکرد".

وتیشی‌، "ئێمە دڵسۆزانەو راستگۆیانە هەوڵماندا، تا بەڕێزیان لەم هەنگاوە پاشەکشەبکەن، بەڵام ئەو پێی باش بو قوربانی بێت نەک پەکخەر، لەپێناوی نیشتیمان‌و گەلدا سوربو لەسەر بڕیارەکەی."

له‌كۆی 329 كورسی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، موقته‌دا سه‌در خاوه‌نی 73 كورسییه‌، كشانه‌وه‌ی سه‌در له‌په‌رله‌مان ده‌رگا له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان‌و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی نوێ له‌عێراق ده‌كاته‌وه‌.

ده‌ستله‌كاركێشانه‌ی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ ڕه‌وتی‌ سه‌در له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دوای نزیکەی هەشت مانگ لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، تائێستا بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکانەوە حکومەتی عێراق پێکنەهێنراوه‌و سه‌رۆك كۆماریش هه‌ڵنه‌بژێردراوه‌.