سەرۆكی ڕێكخراوی ناسنامە: تونێلەكەی هەڵەبجە ئاسەواری دەستی مرۆڤی پێوە نییە

(0) / / کردستان / زایەڵە مرۆڤ تۆنێل هەڵەبجە ئاسەوار


Jul 11, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرۆكی ڕێكخراوی ناسنامە بۆ پاراستنی شوێنەوار و كەلەپوور ڕایگەیاند، ئەو تونێلەی لە هەڵەبجە دۆزراوەتەوە، هیچ ئاسەوارێكی دەستی مرۆڤی پێوە نییە.

دوای ئەوەی هاووڵاتیەك لە كاتی هەڵكەندنی بیری ئاودا لە قۆلایی دە مەتر دەگات بە تونێلێك، كە لە ڕۆژئاوای هەڵەبجەوە درێژبووەتەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی شارەكە و گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردەوە، كوردسات نیوز لەسەر ئەو پرسە زانیاری لە دەرباز عەلی سەرۆكی ڕێكخراوی ناسنامە بۆ پاراستنی شوێنەوار و كەلەپوور وەرگرت كە خۆیان لە نزیكەوە پشكنینیان بۆ تونێلەكە كردبوو، ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، دوای ئەنجامدانی پشكنین بۆ ئەو تونێلە كە دەكەوێتە بیرێك بە قوڵایی ١٠ مەتر لە ناحیەی سیروان، بۆیان دەركەوتووە ئاڕاستەی تونێلەكە لە ڕۆژئاوای هەڵەبجەوە دەكشێت بۆ ڕۆژهەڵات و هیچ ئاسەوارێكی دەستی مرۆڤ بە تونێلەكەوە نییە و هیچ نیشانەیەكی شوێنەواری پێوە دیار نییە.

سەرۆكی ڕێكخراوی ناسنامە بۆ پاراستنی شوێنەوار و كەلەپوور ڕاشیگەیاند، ئەو حاڵەتە زیاتر لە حاڵەتێكی جیۆلۆجی دەچێت و گومان دەكرێت ڕێڕەوی ئاوی ژێرزەویی بێت.

ئامادەکردنی - کامەران کەریم