هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: سلێمانی له ژماره‌ی پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاریدا بوه‌ته یه‌كه‌م شار
(0) /
پارێزگاری سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، شاری سلێمانی له‌ژماره‌ی پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاریدا بوه‌ته یه‌كه‌م شار و له‌ماوه‌ی ساڵی رابردودا ، بڕی 1.407.000.000 (ملیارێك و چل و حه‌وت ملیۆن) دۆلاری بۆ ته‌رخانكراوه.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی، "سلێمانی، بۆ یه‌كه‌مجار له ژماره‌ی پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاریدا، ده‌بێته یه‌كه‌م، له‌نێوان ساڵی 2020 و سه‌ره‌تای 2021دا، به‌هه‌وڵی مكوڕانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كورستان و پارێزگای سلێمانی، به‌ڕێوه‌به‌رێتییه گشتییه‌كانی وه‌به‌رهێنان، كشتوكاڵ، شاره‌وانییه‌كان، سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی، فه‌رمانگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه له حكومه‌تی خۆجێیی سلێمانی، به‌ده‌ستپێشخه‌ریی و به‌شداریی كه‌رتی تایبه‌تی نیشتمانیی و وه‌به‌رهێن و سه‌رمایه‌گوزاره نیشتمانییه‌كان، له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ڕابردودا، بڕی 1.407.000.000 (ملیارێك و چل و حه‌وت ملیۆن) دۆلار له‌رێگه‌ی 34 (سی و چوار) پڕۆژه‌وه له‌سنوری پارێزگاكه‌دا خراوه‌ته‌گه‌ڕ.
پارێزگاری سلێمانی راشیگه‌یاند، ئه‌و بڕه پاره‌یه بۆ سلێمانی، بۆ یه‌كه‌مجاره له 30 (سی) ساڵی ڕابردودا ده‌گاته پله‌ی یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م هه‌وڵانه هه‌وڵێكی به‌رنامه‌بۆدانراوی شیاوانه‌یه بۆ بوژاندنه‌وه‌ی ئابوریی، سه‌رمایه‌گوزاریی، بوژاندنه‌وه‌ی بازاڕ، نه‌چونه‌ده‌ره‌وه‌ی دراوی قورس، به‌كارهێنانی كه‌ره‌سته‌ی خۆماڵیی و دروستكردنی هه‌زاران ده‌رفه‌تی كار، كه هه‌مو ئه‌مانه به‌رهه‌می ئارامیی و سه‌قامگیریی و پلانی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی خۆجێیی سلێمانییه بۆ نه‌هێشتنی ڕۆتین و قۆرخكاریی، دروستكردنی زه‌مینه‌یه‌كی شیاوی شه‌فاف و دادپه‌روه‌رانه له‌م بواره ستراتیژییه هه‌ستیار و به‌هاداره‌دا.
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "به‌ناوی پارێزگای سلێمانییه‌وه؛ پیرۆزبایی له خه‌ڵك و پارێزگای سلێمانی ده‌كه‌ین و سوپاسی هه‌مو ئه‌وانه ده‌كه‌ین كه له پێشه‌وه ئاماژه‌مان بۆ ڕۆڵ و هه‌وڵ و بڕیاری شیاوانه‌یان كردوه".
پارێزگاری سلێمانی هه‌ر له‌و په‌یامه‌یدا ده‌ڵێت، "له دوای ئازادییه تایبه‌تیی، گشتیی، میدیایی، سیاسییه‌كان، ڕۆشنبیریی، كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی، به‌شداریی كارایانه و شایانانه‌ی ژنان و ئاسایشی گشتیی، هونه‌ر و وه‌رزش و داهێنانی ئه‌ده‌بیی، په‌روه‌رده، ته‌ندروستیی، شاره‌وانیی، ژینگه و سه‌وزایی سلێمانی گه‌یشتوه‌ته پله‌ی یه‌كه‌م".
ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕو، له روه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی خۆڵ و خاشاك، وزه‌نوێكان و غازی سروشتیی، ژماره‌ی ده‌روازه سنورییه‌كان و یه‌كه كارگێڕییه‌كان، كشتوكاڵ و پیشه‌سازیی، فراوانبونی مرۆیی، شارنشینیی، شاره‌وانیی و نیشته‌جێبون و بوژاندنه‌وه‌ی گونده‌كان و چالاكییه مه‌ده‌نیی و ڕۆشنبیریی و هونه‌رییه‌كان و گه‌شتیاریی و پێكه‌وه‌ژیان و ئیداره‌دانی شیاوی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی كۆرۆنا، كه‌مترین ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌وایی و هه‌ژاریی و بێكاریی و له بواری سه‌رمایه‌گوزاریی نیشتمانیی و پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنانیشدا سلێمانی گه‌یشتوه‌ته پله‌ی یه‌كه‌م".
تێبينيێك بنێرە: