بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لە تورکیا بەردەوامە

(0) / / راپورت / زایەڵە نرخی کاڵا هەڵاوسان تورکیا


May 08, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بەپێی داویین ئامارەکانی دامەزراوەی تویک ڕێژەی هەڵاوسان لە تورکیا، لە سەدا 70 نزیک بووەتەوە؛ ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی کەم داهات هەبووە و وایکردووە ڕۆژ بە ڕۆژ رێژەی کڕینی پێداویستیەکانیان کەمتر ببێتەوە.
حکوومەتی تورکیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە کەمترین حەقدەستی بۆ 17 هەزار و 2 لیرە بەرزکردەوە، کە دەیکردە 579 دۆلار؛ بەڵام کۆنترۆڵ نەکردنی هەڵاوسان و بێ بەها بوونی لیرەی تورکی بەرانبەر بە دۆلار وایکردووە ئەو 579 دۆلارە دابەزێت بۆ 524 دۆلار واتە ئەو هاووڵاتیانی کەمترین حەقدەست وەردەگرن نزیکەی 55 دۆلار زیانیان بەرکەوتووە، کە دەكاتە 1782 لیرە.
ئیسماعیل باوکی چوار منداڵە و ڕۆژانە بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی لە کاتژمێر 06:00ـی بەیانییەوە تا 06:00ـی ئێوارە لە سووچێکی بازاڕەکەدا کار دەكات و دەڵێت: "ژیانمان زۆر سەخت بووە".
ئایتان دێلیک تاش، هاووڵاتی دەڵێت، "زۆربێ تاقەت و تووڕەم ئەوەندە گرانییە هەڵاوسان لای من سەدا 300ە، سەیر بکە تەنیا توانیومە ئەوەندە شت بكڕم، باری دەروونیم تێکچووە نازانم چی بكڕم بۆ منداڵەکانم".
پێشتر لە ساڵێکدا دووجار کەمترین حەقدەست و مووچەی خانەنشینان لە تورکیا بەرز دەکرایەوە، بەڵام سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندیی و وەزیری کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی تورکیا دەرگاکانیان بە ڕووی بەرزکردنەوەی مووچەدا داخستووە و دەڵێن، "پێویستە ساڵانە یەک جار مووچە زیاد بکرێت"، کاسبکارەکانیش باس لە بێ بەها بوونی مووچە و حەقدەستی هاووڵاتییان و کەمی توانای کڕینیان دەکەن.
شەوقی کایا، کاسبکارە و ئاماژە بەوە دەدات، "ئەوانەی کەمترین مووچەیان هەیە ژیانیان زۆر سەختە، ئێمەی کاسبکار لێرە دەبینین ڕۆژانە و مانگانە نرخەکان بەرز دەبنەوە، ئەمەش کاریگەری لە سەرخەڵکی کەم دەرامەت هەیە و ڕۆژ بە ڕۆژ مووچەکانیان بێ بەهاتر دەبێت و توانای کڕینیان کەم دەبێت".
بارودۆخی بازاڕ و بەرزی نرخەکان ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ هەڵاوسانێکی بەرز لە تورکیا، هاووڵاتییان ڕێژەی هەڵاوسان بە ڕێژەی سەدا 200 دەبینن و حکوومەتیش رێژەی هەڵاوسانی بە سەدا 70 دەستنیشان کردووە کە دوو شتی دەژ بە یەکن، بۆیە هاووڵاتی داواکارە حکوومەت فریایان بکەوێت و لە ژێر فشاری ئابووری ڕزگاریان بکات.

ڕاپۆرت؛ کوردستان ٢٤