ئێران: هەندێ لە وڵاتانی عەرەبی لە ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ڕاستییەکان تێنەگەیشتوون

(0) / / ایران / زایەڵە ئێران کۆمکاری عەرەبی


Sep 08, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەندێ لە وڵاتانی عەرەبی لە ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ڕاستییەکان تێنەگەیشتوون.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاردانەوەی بەرامبەر بە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی 158 ی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی و کۆمیتەی چوارقۆڵی، ڕایگەیاند: دەرکردنی وەها بەیاننامەیەک پیشاندەری نەبوونی تێگەیشتوویی ژمارەیەک لەو وڵاتانەیە لە ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ڕاستییەکانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا.
ڕاشیگەیاند ئەو وڵاتانە لە جیاتی دووبارەکردنەوەی تۆمەتە بێ بایەخەکان، بیر لە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی خەڵکی زوڵملێکراوی فەڵەستین بکەنەوە.
کەنعانی دەرکردنی ئەو بەیاننامەی بە پێچەوانەی هەوڵی ژمارەیەک لەو وڵاتانە بۆ گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانیان لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران ناو برد.
هەروەها جارێکی دیکە هەڵوێستی تاران بۆ بانگهێشتکردنی وڵاتانی دراوسێ لە پێناو چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگای وتووێژ و لێک تێگەیشتنەوەی دووبارە کردەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە ئەو سێ دوورگەیە کە لە بەیاننامەکەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبیدا هاتووە؛ ئێرانییە و لە چوارچێوەی دەسەڵات و سەروەری ئێراندا مامەڵەی لە گەڵدا کراوە و ئیدانەی دەستێوەردانی وڵاتانی دیکەش لەم بوارەدا دەکرێت.
کەنعانی هەروەها بە ئاماژە بە ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی لە ناوچەی کەنداوی فارس، سەبارەت بە هەر هەڵەیەک لە پێناو ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ئەم ناوچەیە هۆشداریی دا و جەختی لە سەر دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە بە دوور لە وڵاتانی بێگانە کردەوە