یاداشتێک لەلایەن شۆفێرانی پاسەکانی هێڵی ناو شاری سەیدسادقەوە بۆ دانیشتوان و لایەنە پەیوەندیدارەکان

(0) / / کردستان / زایەڵە سەید سادق پاس سۆفێر هاوڵاتی


Jan 10, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - شۆفێرانی پاسەکانی هێڵی ناو شاری سەیدسادق یاداشتێکیان بۆ دانیشتوان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بڵاوکردەوە.

لەم یاداشتەدا هاتووە: ئێمە وەک شۆفێرانی هێڵی ناوشاری سەیدسادقەوە، پاش ئەو کێشەو ئاستەنگییە بەردەوامانەی کە ڕۆژانە لە کاتی کارکردن، لە سەرجەم هێڵەکانی ناوشاردا و بە تایبەت شەقامە گشتییەکەی ناوبازاڕ و مەوقیفەکانیدا، ڕووبەڕوومان دەبنەوە، بە پێویستمان زانی ئەم دواکارییانەی خوارەوە ئاڕاستەی هاوڵاتیانی ئاسایی و لایەنی پەیوەندیدار بکەین:

1/ گومانی تێدا نییە سەرەڕای بەرژەوەندی مادی خۆمان لە کارکردندا، هاوکات ئەوەش ڕابگەیەنین کە ئێمەش وەک هەر دام و دەزگایەکی حکومی ئەم شارە کە خزمەت بە هاوڵاتیان دەکەن، ئێمەش بەشێکین لە خزمەتگوزارییەکی گشتی و خزمەتی تاک بە تاکی هاوڵاتیانی ئەم شارە دەکەین. بە پاداشتێکی مادی کەم، ئەرکێکی گەورە ڕادەپەڕێنین. هەموو ئەوانەی لەم شارەدان و ئەم خزمەتگوزارییە گشتییە بەکاردەهێنن، ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین ڕۆژێک لە ڕۆژان، ئەم خزمەتگوزارییە گشتییە ڕاوەستێت لە کارکردن و لە حاڵەتی ئیش نەکردنی پاسەکانی ناوشاردا، چی ڕوودەدات؟ بێگومان لە ڕووی مادییەوە، بارگرانییەکی گەورە دەکەوێتە سەر شانی ئێوەی هاوڵاتی و کەس وکارو خوشک و براو دایک و باوکتان. ئەو کات ناچار دەبن لە بەرامبەر گواستنەوە و هاتووچۆکردنتاندا، تێچوونێکی زیاتر بدەن. بۆیە داوا لە ئێوەی هاوڵاتی دەکەین، تا ئەو جێگایەی پێتان دەکرێت، ئاستەنگی و ڕێگریمان ڕووبەڕوو نەکەنەوە. بەرپرسیار بن لە بەرامبەر ئەرکی یاسایی ئێمەدا و ئێمە بە شێوەیەکی یاسایی کار دەکەین. بۆیە لەو شوێنانەی کە گونجاو نین ڕا مەوەستن بۆ سەرکەوتن و لەو شوێنانەشی کە گونجاو نین، داوای دابەزین مەکەن.

2/ داوا لە شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە تایبەتییەکان دەکەین ڕۆژانە ئۆتۆمبێلەکانیان نەهێننە ناو مەوقیفەکانمان و مەوقیفەکانمان لێ مەگرن، بە تایبەت لە شوێنە گشتییەکان و ناوبازاڕدا، چونکە بەو شێوەیە لە ڕووی یاساییەوە هەم خۆتان توشی کێشە دەکەن و هەمیش ئێمە، ئەو خەڵکانەی لەنێو مەوقیفەکاندا ڕاوەستان و چاوەڕێی ئێمە دەکەن کە سەر بکەون یان داببەزن، بریتین لە خزم و کەسوکار و خوشک و دایکی ئێوە، کاتێک ئێوە مەوقیفەکان دەگرن، هەم ڕێگری بۆ ئەوان دروست دەکەن و هەمیش بۆ ئێمە.

3/ داوا لە برایان و کارمەندانی هاتووچۆ دەکەین، کاتێک دەبینن مەوقیفەکانمان گیراوە و ئاستەنگیمان بۆ دروست بووە، ڕەچاوی حاڵەتەکە بکەن و لەو دۆخەدا هاوکامان بن لە ڕووی یاساییەوە. ئێمە کارەکەمان بەو شێوەیەیە کە بتوانین بچینە نێو مەوقیفەکانەوە، کاتێک مەوقیفەکان دەگیرێن ناچار دەبین شەقام و ڕاڕەوە گشتییەکان بگرین.

4/ داوا لە سەرۆکایەتی شارەوانی دەکەین چاوێک بە دۆخی نێو بازاڕ بخشێنن، بە تایبەت دەمەوئێواران، چونکە بەشێکی گەورە لە کێشە و ئاستەنگییەکانی ئێمە لە نێو بازاڕدایە بەهۆی  دەستگێڕ و عەرەبانەکانەوە کە دێنە نێو مەوقیف و شوێنی ڕاوەستانی ئێمەوە.

ئامادەکردنی- کامەران کەریم