تیمێک لە پزیشکانی ئێرانی 400 بریندارای چەکی کیمیاییان لە ھەڵەبجە بینی

(0) / گفتگو


Mar 15, 2021

قەبارەی فۆنت:

کۆماری ئیسلامی ئێران ئەگەر یەکەم دەوڵەت نەبێ لە سەر ئاستی جیھان ئەوا یەکەم دەوڵەتە لە سەر ئاستی ناوچەکەو رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە قوربانی دەستی چەکی کیمیاییە، ھەر ئەمەش وای کردووە پزيشکانی ئەو وڵاتە ئەزمونی زیاتریان ھەبێ لە بە رامبەر چارەسەرکردنی بریندارانی ئەو چەکە قەدەغەکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئەوە چەندین جارە تیمی پزيشکی ئێرانی سەردانی ھەڵەبجەو سلێمانی دەکەن و لە نزیکەوە بریندارانی چەکی کیمیایی دەبینن، دکتۆر ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەڵەبجە لەمبارەوە بە زایەڵەی ڕاگەیاند:

- دکتۆر ئازاد روونکردنەوەیەکمان ئەوێ سەبارەت بە ھاتن و پسپۆڕی تیمە پزیشیە ئێرانیەکە ؟

ئازاد مستەفا: سەرەتا سوپاس بۆ ھاتنتان تیمە پزیشکیە ئێرانیەکە رۆژی چوارشەممەو پێنج شەممەی کۆتایی ھەفتەی رابردوو لە نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی ھەڵەبجە بوون، تیمەکە پێکھاتبوون لە (٢) دکتۆری پسپۆڕ بە ناوەکانی (مستەفا قانعی ئەسفەھانی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی سنگ و سیەکان و ھەناوی) و (دکتۆر مستەفا نادری تارانی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی چاو)،

- تیمە ئێرانیەکە بەمەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەری ھاتبوونە ھەڵەبحە ؟ یان بۆ بینینی نەخۆش ؟

ئازاد مستەفا: ئەو دکتۆرە بەڕێزانە بەمەبەستی بینینی برینداران و چارەسەرکردنیان و گۆڕانکاری لە رەچەتەی دەرمانەکانیاندا بھاتبوون، نەک بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری .

 -  چەند نەخۆشیان بینی ؟ وە ئایا ھەموو نەخۆشەکان دانیشتووی سنووری پارێزگای ھەڵەبجە بوون ؟

ئازاد مستەفا: نەخۆشەکان ھەموویان خەڵکی ھەڵەبجە نەبوون، بەڵکو ھەموو ئەو نەخۆشانەیان بینی کە لە زەمانی جەنگی سەددام لەگەڵ ئێران ناوچەکانیان کیمیاباران کرا بوو وەک (سێوسێ نان و دوکان و بالیسان و گۆپتەپەو عەسکەر لە سنووری ھەولێر )،

ژمارەی نەخۆشە بینراوەکانیش (٤٠٠) نەخۆش بوون، پێویستە ئەوەش بڵێم لەو ژمارەیە (١٣٣) نەخۆش پێویستیان بە نەشتەرگەرییە لە دەرەوەی ھەرێم، کە ئەرکی نەشتەرگەرییەکەیان (٣٠) کەسیان پێویستیان بە گۆڕینی قەرنیەی چاوە، ئەرکی نەشتەرگەرییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سوپاسەوە گرتویەتیە ئەستۆ، وە (٥٠) نەخۆشی تریان ئەرکی تێچووی نەشتەرگەرییەکەیان ھاوسەرۆکەکانی یەکێتی خستویانەتە ئەستۆی خۆیان، وە (٥٣) نەخۆشی تریان نەخۆشخانەی بەرکەوتەی کیمیایی بە ھاوکاری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێم ھەڵئەستن بە دابینکردنی تێچووەکەی.

- ئایا بینینی (٤٠٠) نەخۆش لە رۆژێکدا زۆر نیە ؟

ئازاد مستەفا: نا زۆر نیە چونکە پێش وەخت ئێمە لە نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لە ھەڵەبجە ئەو نەخۆشانەمان بینیوە، وە سیتی سکانمان بۆ کردوون، وە زۆر ئاسانکاریمان کردووە تا بگاتە لای پسپۆڕە ئێرانیەکان.

- بۆ ھەوڵەکانتان لەم کاتەدایە کە نزیک ئەبینەوە لە یادی کیمیابارانی ھەڵەبجە ؟

ئازاد مستەفا: ئێمە زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر ئامادەکاریمان کرد بۆ ناردنە دەرەوەی ژمارەیەک بەرکەوتەی چەکی کیمیایی، تەنانەت تکتی فڕۆکەشمان بۆ بڕین بەڵام بە داخەوە بە ھۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا نەمانتوانی ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەین، ئەوە بوو بە ھاوکاری پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی نیشتیمانی و کۆماری ئیسلامی ئێران توانیمان گەشتی پێچەوانەیان بۆ ئەنجام بەین و ئەو تیمە پزیشکیە ئێرانیە بھێنینە ھەڵەبجەو سێ بەرامبەر لەو رێژەیەی کە قەرار بوو بیان نێرینە دەرەوە لێرە دکتۆرە ئێرانیەکان بینینیان،

دوای ئەوە لە بەر چی ( کاتی ھاتنی ئەو تیمە پزیشکیە کەوتوەتە مانگی (٣) ) راستى پلان بۆ دانراو نەبووە، بەڵکو وا ریکەوت و گونجاو بووە، خۆیشمان پێمان خۆش بوو بە برینداران بڵێین" ھەرکات بگونجی ئێمە درێخی ناکەین لە خزمەتکردن بە بریندارانی چەکی کیمیایی، وە ئومێدی گەورەیان پێ بدەین ھیچ نەبێ لە جیاتی ئەوەی بە نەخۆشیەوە یادی ئازیزەکانیان بکەنەوە با بە تەندروستیەکی باشەوە یادی مەرگەساتی خۆشەویستەکانیان بکەنەوە.

- چی ماوە پێمان بڵێیت ؟

ئازاد مستەفا: سوپاس و پێزانین بۆ دەزگای میدیایی جام کوردی کە ئەرکتان کێشاو ھاتن بۆ گواستنەوەی زانیارییەکان، وە سوپاس بۆ پەیوەندییەکان و ھاوسەرۆکەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێم، کە ئەرک و تێچووی ھاتنی تیمە پزیشکیە ئێرانیەکەو ناردنە دەرەوەی ئەو ژمارە بریندارەی چەکی کیمیاییان گرتە ئەستۆ .