مەسرور بارزانی داوای قەرەبووی بنەماڵە و کەسوکاری ئەنفالکراوان و خەڵکی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەکات

(0) / / کردستان / زایەڵە مەسرور بارزانی حکومەتی هەرێم کوردستان


Jul 31, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یادی 40 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەکاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای قەرەبووکردنەوەی شایستەی ماددی و مەعنەوی بنەماڵە و کەسوکاری ئەنفالکراوان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەکات.

دەقی پەیامی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:

 ئەمڕۆ 40 ساڵ بەسەر یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی رژێمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت کە جێنۆسایدکردنی هەزاران مرۆڤی بێتاوانی بارزانی بوو، تەنیا لەبەر ئەوەی کورد و بارزانی بوون، دەستگیرکران و دواتر لە بیابانەکانی عێراق زیندەبەچاڵ کران.

ئەم تاوانە گەورەیە، بەشێک بوو لە شاڵاوێکی رەگەزپەرستانەی رژێمی لەناوچووی بەعس دژ بە گەلی کوردستان کە بێسەروشوێنکردن و جێنۆسایدکردنی کوردی فەیلی و ئەنفالکردنی ناوچەکانی بارزان و گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و چەندین دەڤەری دیکەی کوردستان، زنجیرەیەک بوو لەو تاوانە هۆڤانەی لە دژی خەڵکی کوردستان ئەنجام دران.  

جێگەی داخە لە دوای تێپەڕبوونی 40 ساڵ بەسەر ئەم کارەساتەدا، کەچی هێشتاش کەسانێک هەن بە هەمان عەقلییەت و هزری شۆڤێنی و سەردەمی ئەنفالەوە، دەیانەوێت مافە رەوا و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان پێشێل و زەوت بکەن. لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان، بە هەزاران قوربانی داوە و رووبەڕووی چەندین تاوان و کارەساتی گەورە بووەتەوە لە پێناو بەرگریکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی کە هەرگیز دەستبەرداری نابێت.

دەڤەری بارزان یەکێکە لەو ناوچانەی کوردستان، کە لە سەدەی رابردوودا، بە دەیان جار دووچاری وێرانکاری و کۆمەڵکوژی و جێنۆساید بووەتەوە، بەڵام ئەو هەموو زوڵم و ستەم و تاوانانە، نەیتوانیوە ئیرادەی نەتەوەیی و گیانی خۆڕاگری و بەرگری لەم دەڤەرە لەناو ببات و هەمیشە دژی زوڵم و ستەم راپەڕیون و بەهۆی خۆڕاگری و قوربانیدان و خوێنی پاکی شەهیدەکانمان، ئەم قەوارە دەستوورییەی ئێستای هەرێمی کوردستان بەرهەم هاتووە و پێویستە بە هەموو شێوەیەک، داکۆکی لێ بکەین و زیاتر گەشەی پێ بدەین.

لە ساڵیادی ئەم كارەسات و یادە خەمگینەدا، خواست و داوای هەرێمی کوردستان بۆ قەرەبووکردنەوەی شایستەی ماددی و مەعنەوی بنەماڵە و کەسوکاری ئەنفالکراوان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەپێی دەستوور، دووپات دەکەینەوە. پێویستە هەموومان کار بۆ ڕیشەکێشکردنی هزری ئەنفال و دووبارەنەبوونەوەی ئەم تاوانانە بکەین.

لە ساڵڤەگەڕی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، سەری رێز بۆ بارزانییە ئەنفالکراوەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە بە رێز و شکۆوە یادیان دەکەینەوە. هەروەها رێز و پێزانینم بۆ کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان هەیە کە رووبەڕووی رۆژگارێکی زۆر سەخت بوونەوە، بەڵام توانییان سەربەرزانە منداڵ و نەوەکانیان پێ بگەیەنن. سوپاسی جوامێریی و بەهاناوەچوونی خەڵکی قارەمان و نیشتمانپەروەری هەولێر و دەوربەری و ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەکەم، کە لە کاتی ئەم کارەساتەدا، هاریکار و هاوسۆزی کەسوکاری ئەنفالکراوانی بارزانی بوون.

 

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدان و گشت ئەنفالکراوانی کوردستان و هەمیشە لە یادمانن.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان