نوسەرو ڕۆژنامەنوسێک بۆزایەڵە: بەڵێ بۆ ئابووری سەربەخۆ

(0) / / کردستان / زایەڵە ئابووری سەربەخۆ کامیل مەحمود


Sep 14, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - کامیل مەحمود نوسەرو ڕۆژنامەنوسی سەربەخۆ بەزایەڵەی ڕاگەیاند: ئێمە سی ساڵە داوای ئابووری سەربەخۆ دەکەین، هەموو نەهامەتییەکانیشمان تا ئێستا بەهۆی ئابووری مۆنۆپۆلکراوەوەیە، داهات و سامانی وڵات قۆرخ کراوەو خەڵک و حکومەتیشی لێ مەحروم بووە، ئابووری سەربەخۆ پێش ئەوەی خۆماڵیکردن و جیاکردنەوەی سەرچاوەکانی داهات بێت لەبڕیارو کایەی ئابووری ناوەند، هەنگاوی گرنگ و یەکەمی لەکوردستانەوە دەست پێ دەکات، ئەگەر هەموو شارو گوندێکی ئەم هەرێمە بابەگوڕگوڕێکی تیابێت و لەسەعاتێکدا مەلایین بەرمیل نەوت هەناردە بکات ئەو سەربەخۆییەی کە لەهەنگاوی یەکەمدا پێویستمانە نەبێت حاڵی وڵات و خەڵکەکەی لەمەی ئێستا خراپتر دەبێت کەهەموو شتێکمان لەدەست داوە.

وتیشی: ئابووری سەربەخۆی کوردستان پێویست بوو یەکەم هەنگاوبەسەربەخۆکردن و جیاکردنەوەی ئابووری نیشتیمانی و سەرچاوەکانی داهاتی نەتەوەیی کوردستان لەمۆنۆپۆلکردنی حزبی و مامەڵە پێکردنی لەچوارچێوەی دامەزراوەیەکی فەرمی حکومیدا دەستی پێ بکردایە، ئەوەی سی و دوو ساڵە لەم وڵاتەدا ڕوو دەدات قۆرخکاری و ئیحتیکارو ئیحتیلالی ئابوری و داهاتی گشتییە لەلایەن دوو حزبەوە کەخۆیان بلیاردێرن و حکومەتیش موفلیسە، خۆیان لەهەر شارێک چەندین کۆشک و بینای حزبی و شەخسییان هەیەو فەرمانگەکانی حکومەتیش بەشێکی زۆریان لەناو بینای کرێدان،خەزێنەو ژێرزەمینەکانی حزب و سەرکردەکانی لەخەزێنەی حکومەت پڕترە لەپاره، بەهۆی بەخشینی پارەو کڕینی ئینتیمای خەڵکەوە هاوکێشەی سیاسی چەقی بەستووەو دیموکراسیەت و هەڵبژاردن هیچ مانایەکی نەماوە.

ئەوەشی خستەڕوو: کەوایە ئابوری سەربەخۆ و ماڵجیایی لەگەڵ بەغدا بەبێ بڕینی دەستی حزب و دوورخستنەوەی لەداهات و سامانی گشتی ئەم هەرێمە کارەکە دیسان دەبێتە خزمەتێکی زیاتر بەگەندەڵکاری و قوڵکردنەوەی ئەو چینایەتییە ئابڕووبەرەی لە کوردستان لەئارادایە کە کەمینەیەک بوونەتە خاوەنی مەلاین دۆلار و زۆرینەی خەڵکیش لەژێر هێڵی هەژاریدان، هەر ئەمەش بوو شکستی بەبڕیاری ئابووری سەربەخۆ هێنا.

کامەران کەریم