شاندێکی وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی چیای قەرەچووغیان کرد

(0) / / کردستان / زایەڵە قەرەچووخ عێراق وەزارەتی بەرگری سوپا پەکەکە مەخمور


Nov 01, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - شاندەکەی عێراق لەگەڵ شاندەکەی پێشمەرگە و فەرماندەکان کۆبووەتەوە و تاوتوێی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەیان کردووە و ھەروەھا گفتوگۆ لەسەر ڕووداوەکەی ئەم دواییەی سنووری مەخموور کراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندێکی باڵای وەزارەتی پێشمەگەی حکوومەتی ھەرێم و شاندێکی وەزارەتی بەرگری عێراق سەردانی چیای قەرەچووغیان کرد.

شاندەکەی سوپای عێراق پێکھاتبوون لە سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق فەریق روکن عەبدولئەمیر یارەڵڵا، فەرماندەی پڕۆسە ھاوبەشەکانی نەینەوا لیوا روکن عەبدوڵڵا رەمەزان، ھەروەھا شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگەش پێکھاتبوون لە بەرپرسی میحوەری گوێر- مەخمووری ھێزەکانی پێشمەرگە سیروان بارزانی، سەرۆکی ئەرکانی ھێزی پێشمەرگە، فەریق روکن عیسا عوزێری و ژمارەیەک فەرماندەی دیکەی سەربازی.

لەو سەردانەدا شاندەکەی عێراق لەگەڵ شاندەکەی پێشمەرگە و فەرماندەکان کۆبووەتەوە و تاوتوێی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەیان کردووە و ھەروەھا گفتوگۆ لەسەر ڕووداوەکەی ئەم دواییەی سنووری مەخموور کراوە.

بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا، لەبارەی کێشەکانی ئەم دواییەی ھێزەکانییان لە چیای قەرەچووغ گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و دەنگۆی ئەوە ھەیە کە شەش خاڵی سەربازیی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە و سێ خاڵی دیکەی سەربازیش بۆ ھێزەکانی عێراق دەبێت لە چیای قەرەچووغ.

دوای ئەوەی ڕۆژی ١٩ی تشرینی یەکەم، سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە کاتێک خەریکی گفتوگۆ دەبن لە چیای قەرەچووغ لەبارەی جێگیربوونیان لەو خاڵە سەربازیانەی کە پێشتر پەکەکەی تیادابووە و دواتر چۆڵکراوە، دوای دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی شەڕ لە نێوان ھەردوولادا دروست دەبێت و، لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگە چوار کەس گیانییان لەدەستدا و لەلایەنی عێراقیش دوو کەس گیانییان لەدەستدا.

دوای ئەو ڕووداوە، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی قاسم ئەعرەجی سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ھەرێم، ڕێبەر ئەحمەد لەبارەی ڕووداوەکە کۆبووەوە و ئەمڕۆش دوای چوونی ھێزی ھەردوولا بۆ چیای قەرەچووغ. دەنگۆی چارەسەرکردنی کێشەکە ھەیە و یڕیارە ھەردوولا لە خاڵە سەربازییەکان جێگرببن.