خانووکردن لە سنووری گوندەکانی ناو ماستەرپلانی شاری سلێمانیدا راگیراوە

(0) / / کردستان / زایەڵە سلێمانی خانووکردن شارەوانی ماستەرپلان


Nov 11, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، خانووکردن لە سنووری گوندەکانی ناو ماستەرپلانی شاری سلێمانیدا راگیراوە، فراوانکردنی حەرەمی 29 گوند هیشتا پەسەند نەکراوە.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت:  بەپێی یاسای قەدەغەکردنی زیادەڕەویی (ژمارە 3 ساڵی 2018) خانووکردن لە سنووری گوندەکانی ناو ماستەرپلانی شاری سلێمانیدا راگیراوە، چونکە سنوورە فراوانکراوەکانی ئەو گوندانە تەنها رێکاری ئەندازەییان بۆ کراوە و هێشتا رێکارە یاساییەکانیان تەواونەکراوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە:  بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە فراوانکردنی حەرەمی 29 گوند لەو گوندانە هێشتا پەسەند نەکراوە، بۆیە لە رووی یاساییەوە ئەو سنوورە فراوانکراوانە بە (سنووری حەرەمی گوند) دانانرێن بەڵکو بە (سنووری گەڕەکی ئەو گوندە) دادەنرێن و بەر یاسای تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان (ژمارە 3 ساڵی 2019 هەموارکراو) دەکەون نەوەک یاسای تاپۆکردنی حەرەمی گوندەکان (ژمارە 12 ساڵی 2012).

باس لەوەش دەکات:  یەکێک لە مەرجەکانی تاپۆکردنی خانووی زیادەڕۆ (واتە خانووی دەرەوەی سنووری حەرەمی گوند) ئەوەیە کە خانووەکە پێش رێکەوتى (2020/12/31) دروستکرابێت، بۆیە شارەوانیمان ناتوانێ رێگەپێدان بدات بە دروستکردنی خانوو لەو سنوورە فراوانکراوانەدا هەتا بەیاننامەیان بۆ دەردەچێ بە ئەژمارکردنیان بە سنووری حەرەمی گوند، ئەوکاتە بەر یاسای (ژمارە 12 ساڵی2012) دەکەون و دەتوانین رێگەپێدانیان بدەینێ بە دروستکردنی خانوو، چونکە خانووی ناو حەڕەمی گوند بە خانووی زیادەڕەوی دانانرێ، بەڵام پێشەکی دەبێ دڵنیابین لەوەی کوێ بە حەرەمی گوند دادەنرێ و بۆ ئەوەش چاوەڕوانی پەسەندکردنی بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانین.

سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی دەشڵێت:  پێویستە موختاری ئەو سنورانە ڕێگە نەدەن بە كاری نایاسایی لە سنورەكانیان.

ناوی ئەو گوندانە ی كە تائێستا فراوانكردنەكەیان پەسەند ی وەرنەگرتووە: (قڕگە، گوندی قەرەتۆغان، کەڵەکن، کانی گۆمە،عەواڵ، کۆستەی چەم، خەلیفاوا، ئاوبارە،خێوەتە، ئاشەسپی،مەلا داود،کانی بەردینە، بابان،کەنەسوورە، قولەرەیسی سەروو، هوانە، شێخ وەیساوا، ئاڵیاوای خواروو،بەردەکەڕ،فەرەج ئاوا، ژاڵەی خواروو، ژاڵەی سەروو،ژاڵەی جەزا جاف، رازیانەی کۆن، رازیانەی نوێ، رازیانەی کانی شینکە،داربەڕووڵە، سەماوات، ناوگردان.

کامەران کەریم