کەتائیبی سەید شوھەدا لە عێراق ھەڕەشە لە ئەمریکا و ھاوپەیمانانی دەکات

(0) / / عراق / زایەڵە یەمەن عێراق کەتائیبی سەید شوھەدا


Jan 12, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - کەتائیبی سەید شوھەدا بەناوی "ئەنجوومەنی جیھادی" لە ڕاگەیاندراوێکدا کە بۆ ڕای گشتی بڵاوی کردووەتەوە و تیایدا ڕایگەیاندووە کە پێویستە بەردەوام کار بکرێت بۆ کۆتایی ھێنان بە بوونی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکە.
 
ئەوە بۆ یەکەمین جارە، کەتائیبی سەید شوھەدا سەربە حەشدی شەعبی لە عێراق بوونی ئەنجوومەنێک بە ناوی "ئەنجوومەنی جیھادی" ڕادەگەیەنێت، ئەوەیش دوای ئەوە ھێرشە ھاوبەشەی ئەمریکا و بەریتانیا دێت کە بۆسەر حووسییەکان لە یەمەن ئەنجامیاندا.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھەینی، ھێزەکانی ئەمریکا بە ھاوبەشی لەگەڵ ھێزەکانی بەریتانیا، ھێرشیان کردە سەر حووسییەکان لە یەمەن کە ئەوەیش ناڕەزایەتی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی لێکەوتووەتەوە.
 
کەتائیبی سەید شوھەدا لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە: "ئەمریکا ڕابەرایەتی ھاوپەیمانییەکی شەیتانی دەکات دژی گەلی یەمەن".
 
ڕاشیگەیاندووە: "قەوارەی زایۆنی و ئەمریکای داگیرکار، بوونەتە مایەی شڵەژاندنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە پێویستە بەھەموو شێوەیەک بەردەوام کار بکرێت بۆ کۆتایی ھێنان بە بوونییان لە ناوچەکە".
 
باسی لەوەش کردووە کە دەستدرێژییەکەی ئەمڕۆ ھەینی بۆ سەر یەمەن، ھاودەنگیی گەلانی لەگەڵ میحوەری مقاوەمە بۆ بەردەوامبوونی پاڵپشتیکردن لە غەززە و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاری زیاتر کردووە.