عەبادی لەبارەی نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان: نابێت باجی ناکۆکی سیاسی بدەن

(0) / / عراق / زایەڵە نەسر عێراق عەبادی بارزانی


Jan 14, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت، نابێت باجی ناکۆکیی سیاسی بدەن و ئاماژە بەوەش دەکات، "سامانی عێراق بۆ هەموو عێراقییەکانە. ناکرێت ئەو سامانە بە بەشێک لە عێراقییەکانی بدەم و بە بەشێکی دیکەی نەدەم." باسی ئەو درۆنانەی میلیشیاکانیش دەکات کە هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.
 
حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر رۆژی یەکشەممە 14-01-2024  دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پێنەدانی مووچەکانیان گوتی، "بەڵێ، بە دڵنیاییەوە پێم وایە پێویست نییە باجی ئەوەی روودەدات، بدات. هاووڵاتی هاووڵاتییە، ئیدی لە هەولێر بێت یان دهۆک یان نەجەف یان بەسرە یان ئەنبار. ئەو دەڵێت، من چیم داوە لە ناکۆکیی نێوان سیاسەتمەدارەکان؟ دەڵێت، من هاووڵاتیم، فەرمانبەرێک لە دەوڵەتی عێراق مووچە وەردەگرێت، من وەریناگرم. سیاسەتمەداران با نەڕواننە ناکۆکییەکان و گرنگە سەیری بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بکەن. دواجار لە بەرژەوەندیماندایە خزمەتی هاووڵاتی بکەین بۆئەوەی لەگەڵمان بن. ئەوەی دەکرێت بەو جۆرە، سزای هاووڵاتییە لە کاتێکدا ناکۆکییەکە سیاسییە."
عەبادی هەروەها گوتی، "سامانی عێراق بۆ هەموو عێراقییەکانە و نابێت بەشبەش بکرێت؛ ناکرێت ئەو سامانە بە بەشێک لە عێراقییەکانی بدەم و بە بەشێکی دیکەی نەدەم، چی لە دامەزراندن بێت یان لە خەرجکردنی مووچە یان لە وەبەرهێنان. هەموو عێراقییەکان لە هەر ناوچەیەک بن عێراقین. ئێمە عێراقیی پلە یەک و پلە دوومان نییە. سەرجەم عێراقییەکان پلە یەکن. بۆیە پێویستە لە بابەتی مووچە، وەبەرهێنان، یارمەتیی کۆمەڵایەتی، مافی شەهیدان و بابەتەکانی دیکە گرنگی بە بەرژەوەندیی عێراقییەکان بدەین. ئەمە پێویستی بە دادی کۆمەڵایەتییە. بابەتەکە ئەوە نییە بۆ نموونە، من ئەمڕۆ لەگەڵ فڵان هەرێم یان فڵان پارێزگام و دەیدەم و کەی دژی بووم نەیدەم. ئەوە هاووڵاتیی عێراقییە. تاوانی چییە؟ دواتر یەکێتیی عێراق وا دەخوازێت بەو شێوەیە تەماشای بەرژەوەندیی عێراقییەکان بکەین. ئەمە بابەتی قسەکانمان بوو ئەمڕۆ."
 
سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق هەروەها گوتی، "کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەو بابەتانەی کە پەیوەندی بە عێراقییەکان بە شێوەیەکی گشتی هەیە و لە دۆخی ئێستادا بەلایانەوە گرنگن. دەزانن ناکۆکی لە غەززە و کوشتنی هاووڵاتیان راستەوخۆ کاریگەری لەسەر عێراقییەکان هەیە. عێراق ناتوانێت خۆی لە دەوروبەری عەرەبی و ئیسلامی دابڕێت. ناکرێت لەو هێرشە دووژمنکارییە زایۆنییە ستەمکارانەیە بۆ سەر فەلەستینییەکان بێدەنگ بین، بەتایبەت ئەوانە لەلایەن رۆژئاوا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێن. ئەمە کاریگەری لەسەر عێراق دەبێت."
 
لەبارەی ئەو درۆنانەشی لەلایەن میلیشیاکانەوە هەولێریان پێ دەکرێتە ئامانج، عەبادی گوتی، "لە یەک وڵات و نیشتمانداین. هەستێکی نیشتمانی هەیە بۆ ئەو بابەتە و دەبێت چارەسەر بکرێت. بابەتی ناردنی هەندێک درۆن بۆ هەولێر یان بنکەی دیکە، ئەمە بە راشکاوی پێویستی بە لێکتێگەیشتن هەیە. پێویستە دەوڵەت رێوشوێن بگرێتەبەر. ئەگەر دەوڵەت وای ببینێت کە هێزی دژی عێراق هەیە، ئەوا پێویستە ئەو هێزانە دەربکات. دەبێت دەوڵەت بیکات. بەڵام ئەگەر لێکتێگەیشتنی سیاسی هەبێت و رەزامەندی لەلایەن حکومەتەوە بۆ بوونی ئەو هێزانە هەبێت و لایەنی دیکە هەبێت کە دژی ئەو تێڕوانینە کاربکات، ئەوا ئێمە وەکو عێراقییەکان زەرەر دەکەین و بە خوێنیش زەرەر دەکەین. ئەو کاتە دەچینە ناکۆکییەکەوە کە تێڕوانینێکی روونی عێراقی تێدا نییە و ناکۆک دەبین. پێویستە هەڵوێستێکی نیشتمانیی عێراقییانە لەم بابەتەدا هەبێت."
 
عەبادی هەروەها گوتی، "نامانەوێت بوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق وەکو ئەو کاتە بمێنێت کە داعش هاتە نێو عێراق کە 10 ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت. ناکرێت هەمان شێوازی پێشوو بمێنێت. پێویستە شێوەکە بگۆڕین. ئێستا داعش لەنێوبراوە، بەڵێ لێرە و لەوێ هەندێک کاری تیرۆریستی هەیە، بەڵام ئەو کارە تیرۆریستییانە پێویستیان بە هەموو ئەو ژمارە زۆرەی هێزەکان نییە. ئەمە پێویستە بگۆڕدرێت و بەرژەوەندییەکی عێراقی هەیە وا پێویست دەکات. پێویستە زیرەک بین و ئەو بەرژەوەندییە عێراقییە بخەینەڕوو. ئێمە نامانەوێت بەتەواوی دژایەتی ئەوانی دیکە بکەین. عێراق پەیوەندیی هەرێمی و نێودەوڵەتیی کاریگەری هەیە. عێراق دوای لەنێوبردنی داعش هێزی باشی هەیە کە دەکرێت پشتی پێ ببەسترێت؛ دۆخی ئابووریی باشی هەیە؛ هەروەها سیستمێک لە پەیوەندیی نێودەوڵەتی و هەرێمیی باشی هەیە."
 
رۆژی شەممە، 13ی کانوونی دووەمی 2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و هەمان رۆژ لەگەڵ لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم؛ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا؛ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق و ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە.
 
ئەمڕۆش نێچیرڤان بارزانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی هەبووە، وەک کۆبوونەوە لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی؛ موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.