بەغدا و واشنتۆن لەبارەی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی لە عێراق  گفتوگۆ دەکەن

(0) / / عراق / زایەڵە ئەمریکا عێراق کوردستان


Jan 25, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئالینا ڕۆمانۆسکی  باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، نامەیەکی گرنگی ڕادەستی فوئاد حوسێن  وەزیری دەرەوەی عێراق کرد، بێ ئەوەی ناوەڕۆکی نامەکە بزاندرێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن پێشوازی کردووە لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئالینا ڕۆمانۆسکی.

ڕاشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، ئالینا ڕۆمانۆسکی نامەیەکی گرنگی ڕادەستی فوئاد حوسێن کردووە، بێ ئەوەی ناوەڕۆکەکەی ئاشکرا بکات.

باسی لەوەشکردووە کە حکوومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ناوەڕۆکی نامەکە تاوتوێ دەکەن و بەم نزیکانە ھەنگاوی گرنگ لەبارەی ناوەڕۆکی نامەکە دەنێنن.

ھاوکات بەپێی ئەو زانیارییانەی هەندێ ئاژانسی هەواڵ بڵاویان کردۆتەوە، ناوەڕۆکی نامەکەی ئەمریکا بۆ عێراق تایبەتە بە کشانەوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق.

ھەروەھا ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە کە پرۆسەی کشانەوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق، چەندین مانگ تا چەندین ساڵ دەخایەنێت، بۆیە پڕۆسەکە بەم نزیکانە دەست پێ ناکات.
ڕاشیگەیاندووە کە بەغدا و واشنتۆن دەست بە ئەنجامدانی گفتوگۆ دەکەن لەبارەی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق.