نوێترین پەیامی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ یەکێتی سەبارەت بە سزاکانی سەر سلێمانی و پێوەندی لەگەڵ پەکەکە

(0) / / ترکیه / زایەڵە هاکان فیدان سلێمانی یەکێتی پەکەکە


Feb 05, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - لە نوێترین پەیامی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ یەکێتی و بەرپرسانی سلێمانی، گوتی: “چەند جارێک بە سلێمانیمان گوتووە، دەکرێ دەستبەرداری سزاکانمان بین؛ ئەگەر ئێوە سنوورێک بۆ پەیوەندییەکانتان لەگەڵ تیرۆر دابنێن.”

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، یەکشەممەشەو 4ـی شوباتی 2024، بەشداری لە بەرنامەیەکی تایبەتی کەناڵی (A HABER) کرد. لە وەڵامی پرسیارەکاندا هەڵسەنگاندنی لەبارەی دوایین پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کرد. لە چوارچێوەی سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری دەوڵەتی تورکیاشدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پەکەکەشی کرد. 

هاکان فیدان رایگەیاند “یەکێتی لە سلێمانی هاوئاهەنگی لەگەڵ پەکەکەدا هەیە و ئەم راستییە لەمێژە لە رۆژەڤماندایە، بەتایبەتی لە رووی هەواڵگریشەوە زۆر لە نزیکەوە چاودێریمان کردووە. تەنانەت لەو سەردەمەی سەرۆکی میت بووم، ئەو بابەتە یەکێک بوو لەو بابەتانەی زۆر کارم لەبارەیەوە کردووە.”

باسی لەوەشکرد “بەرلەوەی ئەم بابەتە بۆ رای گشتیی ئاشکرا بکەن، زۆر هەوڵیانداوە بە هێمنی و بێدەنگی چ لە رێگەی دیپلۆماسییەوە بێت، یان لە رێگەی میتۆدە کارپێکراوەکانی هەواڵگرییەوە، چارەیان بکەن. بۆ ئەمەش چەندینجار لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی لە سلێمانی دیدار و کۆبوونەوەیان کردووە.” 

هاکان فیدان گوتی “لە هەر دیدارێکماندا بە راشکاوی پێمان گوتوون ‘دەمانەوێت سنوورێک بۆ پەیوەندییەکانتان لەگەڵ پەکەکە دابنێن. ئەمانە ژێرخانی ئەم ناوچەیە بەکاردەهێنن، ئێوەش ناسنامەیان پێدەدەن، لە نەخۆشخانەکانتاندا چارەسەریان دەکەن، مافی نیشتەجێبوونیان پێدەدەن و رێگەیان بۆ خۆش دەکەن چالاکی و کردەوەکانیان بکەن. چاوەڕێی ئەوەتان لێناکەین راستەوخۆ لەگەڵیان بجەنگن، لە هاوکێشەی هێزەکانتان تێدەگەین، دەتوانین هەموو شتێک لەم رووەوە بکەین، بەڵام ئەوەی داوای دەکەین هاوئاهەنگییان لەگەڵ مەکەن، چونکە ئێوە دەخاتە بەرەی دوژمنەوە و دەبێ وازبێنن.” 

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، “بەرپرسانی یەکێتیی ماوەیەک بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانیان هەندێک هەنگاویان نا و بەهەمان شێوە لایەنی بەرامبەریشیان رازیکرد. دواتر بینیمان ئەمانە (یەکێتی) نیازیان نییە دەستبەرداری پەیوەندییەکانیان بن. پاشان دوای راوێژکردن لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، ئەم بابەتەمان کردە سیاسەتی فەرمی و بۆ رای گشتیی ئاشکرامان کرد. قۆناخ بە قۆناخ دەستمانکرد بە سزادانیان. ئێستاش لە رێگەی سنووردارکردنی چالاکییە ئاسمانییەکان سزایان دەدەین. ئاسمانی تورکیامان بەسەریاندا داخستووە و هیچ فڕۆکەیەک لە ئاسمانی ئێمەوە بۆ ئەوێ ناچێت. گرنگ نییە لە کوێوە فڕۆکەیان بۆ دەچێت و چۆن کاری پێدەکەن، بەڵام ئەوەی دیارە، فڕۆکەخانەی سلێمانی 60٪ـی تواناکان و جموجۆڵە ئاسمانییەکانی پەکیکەوتووە و سنووردار بووە و هەموو چالاکییەکان ئاراستەی هەولێر کراون. لەنێوان سلێمانی و هەولێریش رکابەرییەکی زۆر جدی هەیە.”

هاکان فیدان جەختی لەوە کردەوە، “لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، هەولێر بۆ ئێمە نزیکترە و لەپێشینەن. چەند جارێک بە سلێمانیمان گوتووە، دەکرێ دەستبەرداری سزاکانمان بین؛ ئەگەر ئێوە سنوورێک بۆ پەیوەندییەکانتان لەگەڵ تیرۆر دابنێن. بەڵام ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بن، ئێمەش ناچار دەبین هەنگاوی زۆر زیاتر بنێین. ئەمە خواست و بژاردەی ئێمە نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا ئەمە پابەندیی و ناچاری ئێمەیە، کە ئەم هەنگاوانە بنێین. هەروەها ئەرکی سەرشانمانە بەرامبەر نیشتمان و هاووڵاتییانمان. بۆ تاهەتایەش لە پشتیوانیکردنی ئەو کەسانە (بەرپرسانی یەکێتی) بۆ رێکخراوی تیرۆریستی دەستەوەستان نابین.”