بانکى ناوەندیی هەشت بانکى عێراقى و کوردستانى لە مامەڵەى دۆلار بێبەش دەکات

(0) / / اقتصادی / زایەڵە بانک عێراق دۆلار


Feb 05, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - بانکى ناوەندى عێراق مامەڵەى دۆلارى لەلایەن هەشت بانکى عێراقیی و کوردستانییەوە قەدەغەکرد و هۆکارەکەیشى دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەوڵانەى بۆ رێگریی لە ساختەکاریی و شوشتنەوەى پارە و بەکارهێنانى نایاسایی دۆلار گیراونەتەبەر.
بەپێى زانیارییەکانى ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز، ئەم هەنگاوەى بانکى ناوەندى دواى چەند رۆژێک لە سەردانى بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى گەنجینەى ئەمەریکا دێت، هەر دواى ئەو سەردانە حکومەت رێگرییکرد بانکەکان لە زیادکردنى رۆژانەى دۆلار سودمەندبن کە لەلایەن بانکى ناوەندییەوە رێکدەخرا و سەرچاوەى سەرەکى دراوى قورسە لە عێراق.
 
بەپێى ئەو لیستەى بانکى ناوەندى دوێنێ یەکشەممە بڵاویکردوەتەوە؛ ئەو بانکانەى لە مامەڵەى دۆلار بێبەشبون هەریەکە لە بانکى ئاشور بۆ وەبەرهێنان و بانکى وەبەرهێنانى عێراقى و بانکى یەکێتى عێراقى و بانکى ئیسلامى نێودەوڵەتى کوردستان و بانکى ئەلهودا و بانکى ئیسلامى باشور و بانکى ئیسلامى عەرەبى و بانکى بازرگانى حامورابى-ن.
 
بانکى ناوەندى لەگەڵ بڵاوکردنەوەى ئەو لیستەدا ئاشکرایکردوە کە ئەو بانکانە بۆیان نییە مامەڵە بە دۆلارەوە بکەن و تەنها دەتوانن دراوەکانى دیکە مامەڵە پێوە بکەن.
 
لەوبارەیەوە وتەبێژى وەزارەتى خەزێنەى ئەمەریکى رایگەیاندوە؛ دەتسخۆشى لەو هەنگاوە بەردەوامانە دەکەین بانکى ناوەندى عێراقى بۆ پارێزگاریکردن لە سیستمى دارایی عێراق دەیگرێتەبەر، کە بوەتە هۆى ئەوەى بانکەکانى عێراق شەرعییەتیان هەبێت لەڕێی پەیوەندییە بانکییەکانەوە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەدەستبهێنن.