سۆران عومەر بۆ زایەڵە باسی کرد: بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، چۆن موچە لە بانکە حکومیە فیدراڵیەکانەوە وەردەگیرێ

(0) / / گفتگو / زایەڵە سۆران عومەر کوردستان مووچە


Mar 02, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە زایەڵەی ڕاگەیاند، حکومەتی هەرێم ئەگەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ جێگیرکردنی موچە لەڕێی بانکە حکومیە فیدراڵیەکانەوە جێبەجێ بکات و کات بەفیڕۆ نەدات ئەوە کارێکی باش دەکات بۆ خۆی و بۆ موچەخۆران. ئەگەر بڕیارەکەش جێبەجێ نەکات ئەوە هەر فەرمانگە و وەزارەتێک خۆی دەتوانێ ڕاستەوخۆ بێ گەڕانەوە بۆ هەرێم  بڕیارەکە جێبەجێ بکات.ئەوکاتە حکومەتی هەرێم دەبێ بەرپرسیارێتی ئەو دۆخە هەڵبگرێ کە دەخولقێت. 

وتیشی، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی هەردوو سەرۆک وەزیرانی ئیتحادی و هەرێمی پابەند کردووە بە جێگیرکردنی موچەی هەموو فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتی، لەڕێی بانکە فیدراڵیە حکومیەکانی دەرەوەی هەرێم.دادگا میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دیاری کردووە،لەسەر سەرۆک وەزیرانی عێراقی پێویست کردووە لەڕێگای سەرجەم بانکە فیدراڵیەکانەوە ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر بۆ کارئاسانی جێگیرکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تاکو لەشوێنی نیشتەجێبونیان موچەکەیان وەربگرن.

هێمای بەوەشکرد، وەزارەتی دارایی عێراقیشی پابەند کردووە بە هەماهەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو وەزارەت و دامەزراوانەی هەرێم بەبێ گەڕانەوە بۆ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم، بۆ جێگیرکردنی موچەکانیان لەبانکە فیدراڵیەکانەوە بۆ ئەمساڵ و ساڵانی داهاتوو.میکانیزمی ئەمەشی بەوجۆرە دیاریکردووە ، لیستی موچەکان راستەوخۆ دەدرێت بەوەزارەتی دارایی عێراق، بەرپرسی یەکەمی ئەو وەزارە و فەرمانانەی هەرێم بەرپرسیارێتی لیستەکان لەئەستۆ ئەگرن لەڕوی ژمارەی موچەخۆران و پلەکانیان و بڕی موچەکانیان و بەڵگەنامەکانیان، کەسی یەکەمی ئەو وەزارەت و فەرمانگەیە واژۆی خۆی دەخاتە سەر لیستەکە لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشی دارایی و  بەڕێوەبەری وردبینی و بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان، ئەم لیستانە دەدرێت بەوەزارەتی دارایی فیدراڵ ئەویش ڕەوانەی بانکە فیدراڵیەکانی دەکات بۆ کردنەوەی هەژماری فەرمانبەران، تاکو ئەوەش ئەنجام دەدرێ بەو لیستەموچەکانیان وەردەگرن.بەم جۆرە دەتوانرێ پرۆسەی (توطين) جێگیرکردنی موچە لەبانکە حکومیە فیدراڵیەکانەوە جێبەجێ بکرێت.

کامەران کەریم