بافڵ جەلال تاڵەبانى: دەرگای حزب و ئۆرگانەكانمان بەڕووی ژناندا دەکەینەوە

(0) / / زنان / زایەڵە بافڵ تاڵەبانی یەکێتی ژنان


Mar 08, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان رایگەیاند "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی ژنان بووە و شانازیشی پێوەدەكات".

لەپەیامێکدا بەبۆنەى 8ى مارس رۆژى جیهانیى ژنان، بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتى ئاماژە بەوە دەکات "‎ژنانی كورد ئازا و رچەشكێن بوون لە خەبات بۆ بەدیهێنانی ماف و ئازادی، قوربانیی زۆریان بەخشیوە لەپێناو یەكسانیی كۆمەڵایەتی و وەستانەوە دژی جیاكاریی رەگەزی".

دەشڵێت "ئێستاش بە خۆشحاڵییەوە رۆڵێكی كاریگەر لە بوارەجیاوازەكانی كۆمەڵگەدا دەگێڕن و بەشداریی فراوانیان هەیە لە ناوەندەكانی بڕیاردا".

سەرۆکى یەکێتى لەپەیامەکەیدا باس لە رۆڵى ژنانى کورد دەکات لە مێژوودا و  ئاماژە بەوە دەکات " مێژووی ژنانی كوردستان لە خەبات و شۆڕشە جیاوازەكانی گەلی كورددا هێندە زێڕین و درەوشاوەیە، كە بۆ هەمیشە بە پێزانین و قەرزاربارییەوە لەئاست گەورەیی و خۆڕاگرییاندا سەری رێزمان دادەنەوێنین و بەشانازییەوە یادیان دەكەینەوە".

دەشڵێت "یەکێتى لە رابردوودا چۆن پارێزەر و بەدیهێنەری مافەكانی ژنان بووە، لەداهاتووشدا زیاتر جەختیلێدەكەینەوە و دەرگای حزب و ئۆرگانەكانمان بەڕوویاندا دەكەینەوە تاوەكو رۆڵی خۆیان بگێڕن و بەشداریی چالاكانەیان لە بوارە جیاوازەكانی كۆمەڵگەدا هەبێت".

هۆشداریشدەدات "دەستبردن بۆ ماف و ئازادییەكانی ژنان هێڵی سوورە و رێگەنادەین بە هیچ بیانوویەك و لەژێر هیچ ناوێكدا مافەكانیان زەوت بكرێت".