سەرۆك کۆمار: خواستێک لەلای هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان هەیە بۆ بەردەوامبون لەسەر گفتوگۆ لەبارەی بودجە و موچە

(0) / / کردستان / زایەڵە سەرۆک کۆمار بودجە مووچە


Mar 19, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە ـ سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازی کرد لە بەڕێز ستیڤن هیچن باڵیۆزی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا.

لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 19-3-2024 بەڕێوەچوو، سەرۆك کۆمار جەختی لە پەرۆشیی عێراق کردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ شانشینی یەکگرتوو، هەروەها چەسپاندنی رێگاکانی هاریکاری دوو قۆڵی، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوولا بکات، ئاماژەی بە پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیش کرد بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا.
بەڕێزیان ئاماژەی بەوەدا، سەرۆکایەتی کۆمار لەڕێگەی ئەو لیژنەیەی لە سەرۆکایەتی کۆمار و وەزارەتەکانی ناوخۆ و داد و ئەنجومەنی باڵای دادوەری پێکهێنراوە، بەردەوام کار لەسەر کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئەو دەستبەسەرکراوانە دەکات، کە ماوەی سزاکانیان تەواوبوە، لەو چوارچێوەیەشدا نزیکەی نۆ هەزار کەس لەو دەستگیرکراوانە، ئازادکراون.

سەرۆك کۆمار جەختی لە گرنگی بەدواداچون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی (140)ی دەستور و یەکلاکردنەوەی بابەتەکانی پەیوەست بە زەوییە کشتوکاڵییەکان و چارەسەرکردنی گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکان کردەوە، بەشێوەیەك کە مافەکانی هاووڵاتیانی کەرکوک لەڕێگەی جێبەجێکردنی یاساوە، دەستەبەربکات.

هەروەها سەرۆك کۆمار تیشکی خستەسەر پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەدا، خواستێک لەلای هەردوولا هەیە بۆ بەردەوامبون لەسەر گفتوگۆ لەبارەی بابەتەکانی پەیوەست بە پەسندکردنی بودجە و پێدانی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکەی عێراق و پێویستی دابینکردنی کەشێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا.

لای خۆیەوە باڵیۆز هیچن پاڵپشتی حکومەتی بەریتانیای بۆ هەوڵەکانی عێراق لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاسایشی ناوچەکە دوپاتکردەوە. هەروەها ستایشی رۆڵی سەرەکی عێراقی کرد لە چەسپاندنی بناغەکانی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
هەروەك رۆڵی بەڕێز سەرۆك کۆماری بەرزنرخاند بۆ نزیککردنەوەی بۆچونەکانی نێوان هێزە سیاسییەکانی عێراق.