زیاتر لە 200 هەزار واژۆی موچەخۆرانی هەرێم گەیەندرایە بەغدا

(0) / / کردستان / زایەڵە واژۆ هەرێم مووچە


Apr 05, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە ـ دەستەی داكۆكیی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان واژۆی نزیكەی 200 هەزار فەرمانبەر و مامۆستایان گەیاندە هەریەكە لە دادگای فیدراڵیی و وەزارەتی دارایی عێراق .
ماوەی هەفتەیەك لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، هەڵمەتی كۆكردنەوەی واژۆ بۆ ڕەتكردنەوەی (هەژماری من) و پشتیوانیی بریارەكانی دادگای فیدراڵیی بۆ بەنیشتمانیكردنی موچە و دابەشكردنی لەڕێی بانكە حكومییە فیدراڵییەكانەوە بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ واژۆ و داواكارییەكان گەیەندرایە بەغدا .
مامۆستا دڵشاد محەمەد، ئەندامی دەستەی داكۆكیی لە مامۆستایان و فەرمانبەران ڕایگەیاند،ئەمڕۆ نوێنەرانمان لە بەغدا واژۆكانیان گەیاندە هەریەكە لە دادگای فیدراڵیی و وەزارەتی دارایی عێراق.
وتیشی ،لە دادگای فیدراڵیی واژۆكان ڕادەستی (دادوەر جاسم) سەرۆكی دادگا كرا و پاشان لەگەڵ بەڕێزیاندا كۆبونەتەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا مامۆستایان پرسیاریان لەبارەی ئەو دەنگۆیەكرد كە لە میدیای كوردی و لە زاری هەندێك لەپەرلەمانتاران بڵاودەكرێنەوە كە گوایا وەزارەتی دارایی عێراق داوای ڕا و بۆچون و ڕوونكردنەوەی كۆتایی دادگایان لەبارەی بڕیاری بەنیشتمانیكردنی موچەوە كردووە.
ئاشكرایكرد ،سەرۆكی دادگای فیدراڵیی بە مامۆستایانی وتووە،بەهیچ شێوەیەك شتی لەو بابەتە نیە و وەزارەتی داراییش نە هیچ نوسراوێكی ناردووە نە داوای ڕوونكردنەوە و وەرگرتنی ڕا و بۆچوونی كردووە، بەڵكو بڕیارەكەی دادگای ڕوونە و شرۆڤە و شیكار و ڕاوبۆچوونی جیاواز هەڵناگرێت و وەزارەتی داراییش كار بەو بڕیارە دەكات.
مامۆستا دڵشاد محەمەد ڕاشیگەیاند ،لە وەزارەتی داراییش واژۆكان ڕادەستی (د. جەمیل) بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریارییكراوە و ئەویش بە مامۆستایانی وتووە، بەهیچ شێوەیەك داوای ڕونكردنەوەمان لە دادگای فیدراڵیی نەكردووە و پرۆسەی بە نیشتمانیكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بەپێی بڕیارەكەی پێشوی دادگای فیدراڵیی دەبێت و وەزارەتی داراییش تەنها لەڕێی بانكە حكومییە فیدراڵییەكانەوە ئەو پرۆسەیە ئەنجامدەدات.
کامەران کەریم