كاتی كۆتایی هاتنی شەپۆلی گەرما و دەستپێكردنەوەی باران ڕاگەیەنرا

(0) / / کردستان / زایەڵە کەشناسی کوردستان


Apr 18, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - بەپێی  ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، تاوەكو هەفتەی کۆتایی ئەم مانگە ئەم شەپۆلی گەرمایە بەردەوام دەبێت و دواتر شەپۆلی تری باران بارین و هەورە بروسکە دەستپێدەكەنەوە.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی  ڕایگەیاند، بەهۆی جێگیر بوونی سیستەمێکی پەستانی بەرزی بەهێز لەسەر هەرێم و دەورووبەری، کەبۆتە هۆی ڕەخساندنی کەشێکی وشک و بەهاوکاری تۆپەڵە هەوایەکی لاوازی گەرمی باکووری ئەفەریقیش کەشێکی تاڕادەیەک گەرمی ڕەخساندووە لەسەر ناوچەکانمان، تائه م سیستەمە لاواز نەبێت و تێک نەشکێت حاڵەتەکانی هەوری پێویستو سیستەمی تەڕ و باراناوی ناگەڕێتەوە سەر ناوچەکان.
ڕاشیگەیاند، ئەو کەشە وشک و سەقامگیرە و تاڕادەیەک گەرمەی چەند ڕۆژێکە جێگیرە لەسەر ناوچەکان درێژی دەبێت بۆ ناو هەفتەی کۆتایی ئەم مانگە.
وتیشی، لەناو هەفتەی کۆتایی ئەم مانگە و سەرەتا بەلاواز بوونی بەرزە پەستان هاتنی حاڵەتەکانی هەور دەست پێدەکەنەوە بەشێوەی هەڕەمەکی و دواتر لەگەڵ تێکشانی تەواوی بەرزە پەستان شەپۆلی تری باران بارین و هەورە بروسکە دێنەوە ناوچەكەمان.
ئەو شارەزا كەشناسییە پێشبینیشی كرد، بای باکوری خۆرهەڵات، کە بە “ڕەشەبا” ناسراوە بەخێرایی لاواز و مام ناوەند کەماوەی دوو ڕۆژە هەیە تا پێنج شەممە ناو ناو بەردەوامە و دواتر کۆتایی دێت.
ڕوونیشی كردەوە، لەئێستادا ئەوەی هەیە و نیشانەکان وادەریدەخەن پێش ئەوەی ئەم مانگە کۆتایی پێبێت سیستەمێکی باشی تری تەڕی باراناوی ڕوودەکاتەوە ناوچەکە بۆ ناو مانگی پێنج-یش حاڵەتەکانی باران بارین بەشێوەی بەرفراوان دەمێنن بەگشتی بۆ ناوچەکان.
کامەران کەریم