وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەغدا: بۆ شەڕ و ئاشتی ئامادەین

(0) / / عراق / زایەڵە عێراقچی ئێران عێراق غەززە


Oct 14, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سوپاسی حکومەتی عێراق دەکەن کە رێگە نادات ئاسمانەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت. دەشڵێت، دەبێ بەزووترین کات رێگری لە هێرشەکانی ''رژێمی زایۆنی'' بۆ سەر غەززە و لوبنان بکرێت. 

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی یەکشەممە، 13-10-2024،  بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و دوای کۆبوونەوە لەگەڵ فوئاد حوسێن، هاوتا عێراقییەکەی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا جەختیان لە گرنگیی وەستاندنی شەڕ لە غەززە و لوبنان کردەوە.
 
عێراقچی رایگەیاند: ''ئێستا ناوچەکە بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، بۆیە پێویستە لەوبارەوە لەگەڵ وڵاتانی دۆست بەتایبەتی عێراق، گفتوگۆ و راوێژی وردمان هەبێت. ئێمە هەموو کات لەبارەی پرسە گرنگەکانی نێوانمان، بابەتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بیروڕا دەگۆڕینەوە.''
 
وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان گوتی: ''گفتوگۆیەکی زۆرباشمان هەبوو، زانیاری و بۆچوونی ئەرێنیمان ئاڵوگۆڕکرد، بەرامبەر [هێرشەکانی رژێمی زایۆنی بۆ سەر لوبنان و غەززە] سوپاسی هەڵویستی زۆرباشی حکومەتی عێراق، گەلی عێراق و [مەرجەعیەت] دەکەم''.
 
 عێراقچی پێیوایە ئەگەری روودانی شەڕ و قوڵبوونەوەی گرژییەکان زۆرەو دەڵێت: ''هۆکاری سەرجەم ئەو ئاڵۆزییانەش تاوانەکانی رژێمی زایۆنییە کە لە غەززەوە دەستیپێکرد و ئێستا گەیشتووەتە لوبنان، ئەگەر رێگری لێ نەکرێت، لەوانەیە بگاتە وڵاتانی دیکە و ناوچەکە بکێشێتە نێو شەڕێکی بەربڵاو.''
 
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: ''دەبێ رێگری لە هێرشەکانی رژێمی زایۆنی بکرێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران حەزی لە شەڕ نییە، بەڵام بۆ هەر دۆخێک ئامادەیە، ئێمە بۆ شەڕ و ئاشتەوایی ئامادەین.'' 
 
بەگوتەی عێراقچی، کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ وەدیهاتنی ''ئاشتەواییەکی دادپەروەرانە'' لە غەززە و لوبنان هەوڵ دەدات، دەشڵێت، ''لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی عێراق هاوڕاین و پێمان وایە، دەبێ بە زووترین کات تاوانەکانی رژێمی زایۆنی بوەستێندرێت و ئاگربەست بکرێت.''
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە ژمارەی زۆری ئاوەراکانی لوبنان کرد و گوتی: ''زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس لە لوبنان ئاوارە بوون و بەداخەوە رژێمی زایۆنی بە هێرش و بۆردوومان، رێگری لە گەیاندنی هاوکاری بە ئاوارەکان دەکات، بەڵام ئێمە لە هەر رێگەیەکەوە بکرێت، لە گەیاندنی هاوکارییەکان بەردەوام دەبین.''
 
عێراقچی سوپاسی حکومەتی عێراق دەکات کە ''رێگە نادات ئاسمانی وڵاتەکەی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران یان هەر وڵاتێکی دیکە بەکاربهێنرێت، ئەوە هەمان هەڵوێستی دۆستانە و برایانەیە کە لە عێراق چاوەڕوانمان دەکرا.''