جەعفەر شێخ مستەفا: هاوپەیمانان لە یەكنەخستنەوەی پێشمەرگە نیگەرانن

(0) / / کردستان / كوردستان زایەڵە پێشمەرگە جەعفەر شێخ مستەفا


May 23, 2021

قەبارەی فۆنت:

جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەبەوەدەكات، پێكهێنانی ژووری هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەكان لەناوچە كێشەلەسەرەكان، دروستكردنی هێزی هاوبەشە بۆ شەڕی داعش، نەك گەڕانەوەی پێشمەرگە، جەخت لەسەرئەوەشدەكاتەوە هێزەكانی هاوپەیمانان لەیەكنەخستنەوەی پێشمەرگە نیگەرانن.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە: ئەمریكا و هاوپەیمانان هەوڵی زۆریان داوە بۆ یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، ڕاوێژكارانی چوار وڵاتی گەورەی وەكو  ئەمەریكا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا لە وەزارەتی پێشمەرگەن بۆ ڕیفۆرم و ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، ئەوە چەند ساڵێكە خەریكن و بەرنامەی تۆكمەشیان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە داناوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، پێشمەرگە یەكینەگرتووەتەوە، بەڵام ڕووداو و پێشهاتەكانی وەكو شەڕی داعش و بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا كۆسپ و ڕێگربوون، ئێستا هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی پێشمەرگە بەرەو پێشەوە دەچن، ئومێدی هەنگاوی گەورەتر هەیە لە ئایندەیەكی نزیكدا، ڕاستیشە تا حەدێك هاوپەیمانان نیگەرانن، بەڵام ئەوانیش ڕەچاوی كۆسپەكان دەكەن كە دێنە پێش.
دەربارەی دروستكردنی لیژنەی هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و ئەگەری گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، جەعفەر شێخ مستەفا وتی”مەسەلەكە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە نیە، دروستبوونی هێزی هاوبەشە لەهەردوولا بۆ شەڕی داعش، ئیستا داعش لەدەرەوەی جادە سەرەكیەكان بەئاشكرا بوونی هەیە و بووەتە مەترسی گەورە.”
ئاماژەی بەوەشكرد، بوونی هاوپەیمانان لەهەرێم پشتیوانیەكی گەورەیە بۆ پێشمەرگە و هەرێمیش، گەر هێزەكانی هاوپەیمانان نەبایە، نەماندەتوانی بە خێرایی بەرگری و بكەین و داعشیش تێكبشكێنین، پێویستیەكی زۆرمان بە هاوپەیمانان هەیە بۆ دابینكردنی سەقامگیری و ئاسایش و شەڕی داعش.
جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێت، هەر هێزێك بێتە ناو خاكی هەرێم بۆ شەڕ، دەبێتە هۆی تێكدانی ئارامی و ئاسایش و ئاوارەبوونی خەڵكێكی زۆر، هاتنی سوپای توركیا بۆ ناو هەرێم، خەڵكێكی زۆر ئاوارە دەكات، هەموو شەڕێك لە گۆڕەپانی هەرێم، هەر دەوڵەتێك لەگەڵ هەر هێزێك بیكات، خەڵكی هەرێم زەرەری لێدەكات و جێگەی نیگەرانیە.